بلینکن: چین چاودێری وەڵامدانەوەی جیهان دەکات بۆ جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن بە یاسادانەرانی وڵاتەکەی وت چین " زۆر بە وریاییەوە " چاودێری ئەوە دەکات واشنتن و جیهان چۆن وەڵامی داگیرکارییەکەی ڕووسیا دەدەنەوە لە ئۆکرانیا، وتیشی کاریگەری جەنگەکە لە ئاسیاش هەستی پێکراوە.

بلینکن وتی ئەگەر ڕێگە بدرێت ڕووسیا بەبێ هیچ سزایەک هێرش بکاتە سەر دراوسێکەی ئەوا " سندووقێکی پاندۆرا دەکرێتەوە " بۆ دوژمنکاران و دەبێتە هۆی ئەوەی " جیهانێک لە ململانێ " دروست ببێت.

وتیشی " مەترسییەکانی ناو ئۆکرانیا بۆ دەرەوەی ئۆکرانیاش دەڕۆن. پێم وایە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لە ئاسیادا." ئاماژەشی بەوەدا ژاپۆن و کۆریای باشوور پشتیوانیکارێکی سەرەکی ئۆکرانیا بوون لە ململانێکەدا.

وتیشی پێی وانیە چین یارمەتی کوشندەی بۆ ڕووسیا دابین کردبێت.

بلینکن وتی " تاوەکو ئەمڕۆ کە قسە دەکەین، نەمانبینیون ئەو هێڵە ببەزێنن."

داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا مشتومڕێکی بەدوای خۆیدا هێناوە لەسەر ئەوەی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا چۆن کاردەکاتە سەر بیرکردنەوەی چین بەرامبەر تایوان، کە چین بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت و تایوانیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

بلینکن وتی " پێم وایە چین بە وریاییەوە چاودێری ئەمە دەکات، وانە وەردەگرن لەسەر ئەوەی جیهان چۆن پێکەوە یەکدەگرن، یاخود یەکناگرن، بۆ وەستانەوە بە ڕووی ئەم دوژمنکارییەدا."

بلینکن وتی پشتیوانییە ماددی و سیاسییەکەی چین بۆ ڕووسیا دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکایە، بەڵام ئاماژەی بەوەدا واشنتن تاوەکو ئێستا بەڵگەی نەبینیوە لەسەر ئەوەی پەکین لە جەنگەکەدا یارمەتی کوشندەی بۆ ڕووسیا دابین کردبێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز