وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆکی تورکیا کۆدەبێتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە، 6ی مانگی یەک لەگەڵ ڕابەرانی تورکیا و یۆناندا کۆدەبێتەوە، ئەمەش لە دەستپێکی گەشتە هەفتەییەکەیدا بۆ ناوچەکە کە ئامانج لێی هێورکردنەوەی گرژییەکانە کە لە دوای جەنگەکەی ئیسڕائیل و حەماسەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیادییان کردووە.

بلینکن گەشتەکەی لە ئیستەنبوڵ دەستپێکرد، لەوێ لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا کۆدەبێتەوە. ئەردۆغان بە توندی دژایەتی کارە سەربازییەکانی ئیسڕائیل دەکات لە غەززە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وتی پێشتر بلینکن و وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان تاوتوێی جەنگەکە و قەیرانە مرۆییەکەیان کردووە لە غەززە و هەروەها باسییان لە پڕۆسەی پەسەندکردنی داواکەی سوید کردووە لەلایەن تورکیاوە بۆ ئەندامێتی لە ناتۆدا.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات و هاوەڵی بلینکن دەکات لە گەشتەکەدا، وتی بەرپرسانی ئەمەریکا هەوڵێکی زۆرییان داوە تاوەکو تورکیا داواکەی سوید بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ پەسەند بکات، پڕۆسەکەش زۆری خایاندووە، بەڵام دڵنیان لەوەی ئەنکەرە بە زوویی داواکەی سوید پەسەند دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی داواکەی سوید ماوەیەک پیش ئێستا لەلایەن لیژنەی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیاوە پەسەند کرا.

یاسادانەرانی ئەمەریکاش فرۆشتنی فڕۆکەی شەڕکەری ئێف – 16 ی ئەمەریکایان بە تورکیا ڕاگرتووە، تاوەکو ئەو کاتەی داواکەی سوید بۆ ئەندامێتی لە ناتۆ پەسەند دەکات.

دواتر بلینکن سەردانی دوورگەی کرێت دەکات و لەوێ لەگەڵ سەرۆک وەزیری یۆنان کیریاکۆس میتسۆتاکیسدا کۆدەبێتەوە. یۆنانی ئەندام لە ناتۆش چاوەڕێی کۆنگرێسی ئەمەریکا دەکات تاوەکو فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف – 16 بە یۆنان پەسەند بکات.

وەزیری دەرەوەی یۆنان جیۆرجی گیراپیتریتیس بە کەناڵی تەلەفیزیۆنی گریک سکای وت " باس لەم پرسە دەکەین. پێم وایە پەرەسەندنی ئەرێنی دەبێت."

بلینکن لە ماوەی گەشتەکەیدا سەردانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسڕائیل و کەناری ڕۆژئاوا دەکات، لە کەناری ڕۆژئاوا پەیامێک دەگەیەنێت لەسەر ئەوەی واشنتن نایەوێت جەنگەکەی ناو غەززە پەرە بسەنێت بە ناوچەکەدا.

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن تورکیا پەیوەندی لەگەڵ زۆرێک لە لایەنەکانی جەنگەکەدا هەیە، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئێرانی ڕکابەری ئەمەریکا و حەماس. بە پێچەوانەی ئەمەریکاوە، تورکیا حەماس وەکو گروپێکی تیرۆریستی ناناسێنێت و میوانداری زۆربەی ئەندامەکانی کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز