تێد کروز سەرکەوتنێـکی بەرچاو بەسەر دۆناڵد ترەمپ تۆماردەکات

هەڵبژاردنە سەرەتایـیەکەی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ویلایەتی ئایەوا کە شەوی دووشەممە بەڕێوەچوو، ئەنجامێـکی سەرنج ڕاکێشی بۆ کۆماریـیەکان لێکەوتەوە، ئەویش سیناتۆر تێد کروز توانی سەرکەوتنێـکی بەرچاو بەسەر دۆناڵد ترەمپی ملیاردێر تۆماربکات.

بەپـێی ئەنجامەکان تێد کروز 28% ی دەنگەکانی بردەوە لە کاتێـکدا دۆناڵد ترەمپ 24% و مارکۆ ڕوبیۆ سیناتۆری ویلایەتی فلۆریدا 23%.

بەمەش لە ئێسـتادا تێد کروز دەنگی 8 نوێنەری پارتی کۆماری بەدەسـتهێناوە و هەر یەک لە دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ ڕوبیۆ دەنگی 7 نوێنەر.

هەروەها ئەنجامێکی دیکەشی هەڵبژاردنەکە جێی سەرنج بوو، ئەویش جێب بوش فەرمانڕەوای پـێشووی فلۆریدا و برای جۆرج بوش سەرۆکی پـێشووی ئەمەریکا 2.8% ی دەنگەکانی بەدەسـتهێنا و بەوەش تەنها پشـتیوانی 1 نوێنەری بردەوە.

پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی کۆماریـیەکان، تێد کروز بۆ ماوەی نێو کاژمێر قسەی بۆ لایەنگرانی خۆی کرد و پـیرۆزبایی سەرکەوتنەکەی لێکردن.

بەپـێی ڕێسای کۆماریـیەکان هەر کەسێـکیان خوازیاربێت بـبێتە کاندیدی پارتەکەی بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەبێت لە سەرانسەری وڵاتەکە لە کۆی 2472 نوێنەری کۆماری بە لایەنی کەم پـشـتیوانی 1237 نوێنەر بەدەسـتبهێنێت.

لە هەڵبژاردنی دیموکراتەکانیش خانم هێلەری کلنتن وەزیری پـێشووی دەرەوە توانی بە جیاوازیـیەکی کەم بەسەر سیناتۆر بێرنی ساندەرس سەرکەوتن تۆماربکات.

خانم هێلەری 49.9% ی دەنگەکانی بردەوە و سیناتۆر بێرنی ساندەرس 49.6% ی دەنگەکان. بەم ئەنجامە هێلەری کلنتن پشـتیوانی 22 نوێنەری بردەوە و سیناتۆر ساندەرس 21 نوێنەر.

مارتن ئۆماڵی فەرمانڕەوای پـێشووی میریلاند بە پلەی سێیەم هات و تەنها 0.6% ی دەنگەکانی بەدەسـتهێنا، بەڵام ئەم ڕێژەیە لەو ئاستدا نیـیە پشـتیوانی نوێنەرێکشی بۆ تۆماربکرێت.

لە ڕێسای دیموکراتەکان، هەر کام لەوانەی خوازیارن ببنە کاندیدی پارتەکەیان بۆ سەرۆکایەتی دەبێت لە کۆی 4763 نوێنەری دیموکرات لە وڵاتەکە دەنگی بە لایەنی کەم 2382 نوێنەر بەدەسـتبهێنێت.

جێی ئاماژەیە هەتا ناوەڕاستی مانگی شەش پـرۆسەی هەڵبژاردنی سەرەتایی لە ویلایەتەکان بەردەوام دەبێت، پاشان کاندیدی ئەم دوو پارتە سەرەکیـیە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2016 ڕادەگەیەنرێت.