ئەمەریکاییەکی شارەزای مێژوو و ئاسەوار لە قوڵایی 1000 مەتری ئەشکەوتێکی تورکیا گیریخواردووە

مارک دیکی

تیمەکانی فریاگوزاری لە سەرانسەری ئەوروپاوە بە خێرایی گەیشتوونەتە تورکیا بە ئامانجی ڕزگارکردنی توێژەرێکی ئەمەریکایی کە لە قوڵایی 1000 مەتر لە ناو ئەشکەوتێکدا لە تورکیا گیری خواردووە، ئەوەش دوای ئەوەی تووشی خوێنبەربوونی گەدە بووە.

دەستەیەکی فریاگوزاری ئەوروپایی تایبەت بە ئەشکەوت ڕایگەیاند، مارک دیکی تەمەن 40 ساڵ کە لەگەڵ سێ ئەمەریکایی دیکەدا و خاوەن ئەزموونە لە چوونە ناو ئەشکەوتەکان، لە ناکاو لە ئەشکەوتی مۆرچا لە چیای تۆڕۆس لە باشووری تورکیا نەخۆش کەوتووە.

تیمێکی فریاگوزاری کە پزیشکێکی هەنگاریشییان لەگەڵدایە، گەیشتوونەتە ناو ئەشکەوتەکە و چارەسەرییان بۆ مارک دیکی کردووە، ڕەنگە چەند ڕۆژێک یاخود چەند مانگێکی پێبچێت تاوەکو بتوانن لە ئەشکەوتەکە بهێننە دەرەوە، ئەشکەوتەکەش ئەوەندە تەسکە کە ناتوانرێت سترێچەری نەخۆشی پێدا ببردرێت.

لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە ناو ئەشکەوتەکەدا، مارک دیکی سوپاسی کۆمەڵگەی تیمەکانی فریاکەوتن و حکومەتی تورکیای کرد بۆ ئەو هەوڵانەی کە داویانە.

مارک دیکی وتی " خەڵکانی شارەزای ئەشکەوت گروپێکی زۆر یەکگرتووە، سەرسوڕهێنەرە کە دەبینیت ئەو هەموو کەسیان کاردانەوەیان هەبووە. پێزانینشم هەیە بۆ خێرای حکومەتی تورکیا لە گەیاندنی ئەو پێداویستییە تەندروستییەکانی پێویستم پێیان بووە و ژیانیان ڕزگارکردم، زۆر لە مەردنەوە نزیک بووم."

مارک دیکی کە لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت بە پێوەیە و بە ئەشکەوتەکەدا دێت و دەچێت، وتی لە کاتێکدا کە هۆشی هەیە و قسە دەکات، " لە ناوەوە باش نەبووە " و یارمەتییەکی زۆری دەوێت تاوەکو لە ئەشکەوتەکە بێتە دەرەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا