سەرچاوەکان: ئەمەریکا و چین ڕێکدەکەون لەسەر دوو هێندەکردنی گەشتە ئاسمانییە هەفتانەییەکانی نێوانییان

بەپێی چەند سەرچاوەیەک و بەڵگەنامەیەک کە ڕۆژی هەینی ڕۆیتەرز پێداچوونەوەی بۆ کردووە، ئەمەریکا و چین ڕێککەوتوون لەسەر دوو هێندەکردنی ژمارەی گەشتەکانی سەرنشینان کە لە ئێستادا بۆ گەشتە ئاسمانییەکانی گواستنەوە لە نێوان هەردوو وڵاتدا ڕێگەپێدراوە.

وەزارەتی گواستنەوەی ئەمەریکا لە 1 ی مانگی نۆدا ژمارەی ئەو گەشتە سەرنشینە چینیانەی کە ڕێگەیان پێدراوە بۆ ئەمەریکا زیاد دەکات بۆ 18 گەشتی ڕۆیشتن و گەڕانەوە و لە 29 ی مانگی 10 دا بۆ 24 گەشت لە هەفتەیەکدا زیادییان دەکات، کە لە ئێستادا 12 گەشتە لە هەفتەیەکدا، سەرچاوەکان دەڵێن حکومەتی چینیش بە هەمان زیادکردن بۆ کۆمپانیاکانی گواستنەوەی ئەمەریکایی ڕازی دەبێت.

ئەم ڕێککەوتنە کە نیشانەیەکی دەگمەنە لەسەر هاریکاریی نێوان پەکین و واشنتن، دوای ئەوە دێت چین ڕۆژی پێنجشەممە کۆتوبەندەکانی سەردەمی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای بۆ سەر گەشتە گروپییەکانی چەند وڵاتێک لابرد، لەوانەش بازاڕە سەرەکییەکانی وەکو ئەمەریکا و ژاپۆن و کۆریای باشوور و ئوستڕاڵیا.

وەزارەتی گواستنەوەی ئەمەریکا درەنگانێکی ڕۆژی هەینی بڕیارەکەی بڵاوکردەوە، بەڵام دەستبەجێ هیچ لێدوانێکی نەدا. کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەی چین لە واشنتن تاوەکو ئێستا لێدوانییان لەوبارەیەوە نەداوە.

وەزارەتەکە لە بەڵگەنامەیەکدا دەڵیت " ئامانجی سەرەکیمان ژینگەیەکی باشترە کە تێیدا کۆمپانیاکانی گواستنەوەی هەردوولا بتوانن بە تەواوی مافە دوولایەنەییەکانیان بەکاربهێنن بۆ پاراستنی هاوسەنگییەکی کێبڕکێ و دەرفەتی دادپەروەرانە و یەکسان لەنێوان کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی ئەمەریکا و چیندا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز