ئەمەریکا سزای سەپاند بەسەر دوو کاربەدەستی چین لەسەر ئەو ڕۆڵەی بینیویانە لە پـێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی شینجیانگی ئویغورە موسڵمانەکان.
ئاندریا گاکی بەرپـرسی جێبەجێکردنی سزاکان لە وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ئەمڕۆ دووشەممە گوتی دەسەڵاتدارانی چین ڕووبەڕووی دەرئەنجامی ئەو پـێشێلکاریـیانەیان دەبنەوە کە لە هەرێمی شینجیانگ ئەنجامی دەدەن.
گوتیشی هەریەک لە (وانگ جۆنژینگ، سکرتێری کۆمیتەی پارتی کۆمومنستی چین لە ڕێکخراوی نیمچە لەشکری بنیادنان و بەرهەمهێنان لە شنجیانگ) و (چن مینگوۆ، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی گشتی لە شنجیانگ) سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت لەسەر ئەو پـێشێلکاریـیانەی ئەنجامیانداوە، لەوانە دەستگیرکردنی هەڕەمەکیـیانەی خەڵکی، مامەڵەی خراپ بە شێوەیەک زیانی مەترسیداری بە جەستەی مرۆڤ گەیاندووە.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا دەڵێت سزاکانی ئەمەریکا بەردەوام دەبن لە بەرامبەر پـێشێلکاریـیەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی شنجیانگی چین و لە هەر شوێنێکی دیکەی جیهاندا.
ئەم بڕیارەی ئەمەریکا هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنەکەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بۆ ڕێکەوتن لەسەر سەپاندنی سزا بەسەر 4 بەرپـرس و دەزگایەکی چین لەسەر ئەو پـێشێلکاریـیانەی لە شینجیانگ ئەنجام دەدرێن. بڕیارە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی پـێنجشەممە کۆببنەوە و بڕیار بدەن.