ئەمەریکا نزیک بووەتەوە لە پەسەندکردنی پێدانی موشەکی مەودا دوور بە ئۆکرانیا

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ئەمەریکا نزیک بووەتەوە لە ڕێککەوتنێک بۆ پێدانی موشەکی کروزی مەودا دوور بە ئۆکرانیا کە دەتوانێت بگاتە ناو خاکی ڕووسیا، بەڵام کیێڤ دەبێت چەندین مانگ چاوەڕێ بکات تاوەکو ئەمەریکا بابەتە تەکنیکییەکان چارەسەر دەکات تاوەکو بتوانێت موشەکەکان بنێرێت بۆ ئۆکرانیا.

سەرچاوەکان کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت وتیان پێدانی سیستمی موشەکی هاوبەشی زەوی بۆ ئاسمان ( JASSM ) بە ئۆکرانیا پێشبینی دەکرێت لەم پایزەدا ڕابگەیەندرێت، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە.

وتیشیان ناردنی ئەو جۆرە موشەکە بۆ ئۆکرانیا دەکرێت بە شێوەیەکی بەرچاو دیمەنی جەنگەکە بگۆڕێت چونکە بەشێکی زیاتری ڕووسیا دەکەوێتە نێو مەودای موشەکە بەهێز و وردەکەوە، ئەوەش نیگەرانییەکی گرنگی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدنە.

شڕۆڤەکارانی سەربازیی پێشنیاری ئەوەیان کردووە ناساندنی موشەکی JASSM کە شاراوەیە و دەتوانێت لە ئامانجی دوورتر بدات وەک لەو موشەکانەی کە ئێستا لەبەردەستی ئۆکرانیادان، ڕەنگە ڕووسیا ناچار بکات کۆگای چەکەکانی و شوێنی هەڵدانی موشەکەکانی لە نزیک سنووری ئۆکرانیا دووربخاتەوە و سەدان میل بکشێتە دواوە.

ئەمەش ئاڵۆزی دەخاتە نێو توانای ڕووسیاوە بۆ بەردەوامیدان بە هێرشەکانی.

هەڵدانی ئەو موشەکانە لە نزیک سنووری باکووری ئۆکرانیاوە لەگەڵ ڕووسیادا دەکرێت ڕێگە بە هێزەکانی ئۆکرانیا بدات دامەزراوە سەربازییە دوورەکانی ناو شارەکانی ڤۆرۆنیژ و بریانسک بکەنە ئامانج کە دوورن لە سنووری ئۆکرانیاوە. لە باشووری ئۆکرانیاش دەتوانرێت لە نزیک هێڵەکانی پێشەوەی جەنگەکە دابندرێن و بەکاربهێندرێن بۆ هێرشکردنە سەر بنکە ئاسمانییەکان و دامەزراوە دەریاییەکانی ڕووسیا لە کرایمیا.

موشەکی JASSM تاوەکو ئێستا تەنها بە شێوەیەک دروستکراوە کە فڕۆکە ئەمەریکاییەکان دەتوانن هەڵیبگرن. ئۆکرانیا لە کۆتاییدا چەندین فڕۆکەی شەڕکەری F-16 ی ئەمەریکایی دەبێت، هەریەکێک لەو فڕۆکانە دەتوانن دوو موشەکی کروزی JASSM هەڵبگرن.

یەکێک لە بەرپرسە ئەمەریکاییەکان وتیان هەوڵ هەن بۆ ئەوەی شتێک بکرێت ئەو موشەکە بتوانرێت لەلایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئۆکرانیاشەوە هەڵبگیردرێت کە ڕۆژئاوایی نین. بەرپرسەکە وردەکاری زیاتری نەدا لەسەر ئەوەی دەکرێت چی فڕۆکەیەکی شەڕکەری ئۆکرانیا بتوانێت ئەو موشەکە هەڵبگرێت. ئۆکرانیا فڕۆکەی شەڕکەری سەردەمی سۆڤیەت MiG- 29 و Su-24 و Su-27 ی هەیە.

پۆلەتیکۆ مانگی ڕابردوو بڵاویکردەوە بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن " کراوەیە " بە ڕووی پێدانی JASSM بە ئۆکرانیا.

مۆدیلە کۆنترەکانی JASSM کە لەلایەن کۆمپانیای لۆکهید مارتنەوە دروستکراون مەودای نزیکەی 370 کیلۆمەترییان هەیە و نزیکەی 4 مەتر درێژن و بە شێوەیەک لە شێوەکان شاراوەن، ئەوەش وادەکات لەلایەن ڕادارەکانەوە نەبیندرێن. دەشتوانن بە نزمی بفڕن و دەکرێت بە شێوەیەک پڕۆگرام بکرێت کە خۆی بدزێتەوە لە بەرگرییە ئاسمانییەکان.

موشەکێکی JASSM ی دیکە هەیە کە مەوداکەی دوورترە و دەتوانێت بۆ زیاتر لە 500 میل بفڕێت. ڕۆیتەرز نەیزانیوە واشنتن بە نیازە کام لەو دوو مۆدێلە بدات بە ئۆکرانیا.

کارمەندێکی کۆنگرێس کە کار لەسەر پرسەکە دەکات وتی پێدانی JASSM بە ئۆکرانیا فشارەکانیش زیاتر دەکات لەسەر واشنتن بۆ لابردنی کۆتوبەندەکانی لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی چەکە ئەمەریکاییەکان لەلایەن ئۆکرانیاوە، چونکە کاریگەرییەکانی ئەو جۆرە موشەکە سنووردار دەبن ئەگەر ڕێگە نەدرێت بەکاربهێندرێن بۆ بە ئامانجکردنی ئامانجەکانی ناو ڕووسیا.

ئەمەریکا دوودڵ بووە لە پێدانی ئەو چەکانەی کە دەکرێت لەلایەن ئۆکرانیاوە بەکاربهێندرێن بۆ بە ئامانجکردنی ئامانجەکانی ناو قووڵایی ڕووسیا، ئەوەش لە ترسی پەرەسەندنی ململانێکە. هاوپەیمانەکانی ئۆکرانیا چەکییان داوە بە ئۆکرانیا بەڵام کۆتوبەندییان خستووەتە سەر چۆنێتی بەکارهێنانییان و ئەوەشی کە کەی دەتوانن بەکاریبهێنن بۆ بە ئامانجکردنی ئامانجەکانی ناو ڕووسیا، ئەوەش بەهۆی نیگەرانییەکانییانەوە لەسەر ئەوەی دەکرێت ئەو هێرشە ئاسمانییانە بە چەکەکانییان ببنە هۆی ئەوەی ڕووسیا تۆڵە بکاتەوە و وڵاتانی ناتۆ ڕابکێشێتە ناو جەنگەکەوە، یاخود لە ترسی کەوتنەوەی ململانێیەکی ئەتۆمی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز