کۆشکی سپی: سەرجەم کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە سودان گواستراونەتەوە

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەڵێت سوپای ئەمەریکا سەرجەم کارمەندانی حکومەتی ئەمەریکای لە خەرتومی پایتەختی سودان گواستۆتەوە، گوتیشی واشنتن کارەکانی لە باڵیۆزخانەکە ڕادەگرێت لە کاتێکدا شەڕەکەی نێوان فەرماندە ڕکابەرەکانی سودان بەردەوامە.

بایدن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " ئەم توندوتیژییە تراجیدیایە لە سودان بووەتە هۆی گیان لە دەستدانی سەدان هاوڵاتی مەدەنی. بێ ویژدانییە و دەبێت بوەستێت."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە بەیاننامەیەکدا وتی سەرجەم " کارمەندانی ئەمەریکا و ئەو کەسانەی کە سەر بە خۆیانن " بە پارێزراوی گواستراونەتەوە و ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی ئەمەریکییەکان لە سودان تاوەکو پارێزراو بن.

بەرپرسانی ئەمەریکا وتیان سەرجەم کارمەندانی حکومەتی ئەمەریکا و ژمارەیەکی کەم لە کارمەندە دیبلۆماتییەکانی وڵاتانی دیکە لە ئەرکەکەدا گواستراونەتەوە، کەمتر لە 100 کەس گواستراونەتەوە.

سوپای ئەمەریکا وتی زیاتر لە 100 سەربازی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمەریکا بەشداربوون لە ئەرکەکەدا، بەبێ ئەوەی لەلایەن لایەنە ڕکابەرەکانی سودانەوە تەقەیان لێبکرێت چوونەتە ناو سودان و هاتوونەتە دەرەوە لێی.

ڕۆژی شەممە وڵاتانی دیکەش لە ڕێی بەندەری سودانەوە لەسەر دەریای سوور دەستیان کرد بە گواستنەوەی هاوڵاتیانیان لە سودان، دەزگای هەواڵی تی بی تی ژاپۆنی وتی کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ژاپۆنییەکان و خێزانەکانیشیانەوە ڕۆژی یەکشەممە لە سودان دەگوازرێنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز