هێرشی مووشەکی دەکرێتە سەر بنکەی عەین ئەسەدی عێراق و چەند ئەمەریکاییەک تووشی "برینی سووک" دەبن

میدیا نێودەوڵەتییەکان بڵاویانکردەوە چەند مووشەکێک ئاراستەی بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەدی عێراق کە هێزەکانی ئەمەریکا تێیدا جێگیرن، کراوە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکەوە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاندووە، لەو هێرشەی ڕۆژی شەممە 20ی ئەم مانگە ڕوویداوە، چەند ئەمەریکاییەکی ئامادەبوو لەو بنکەیە، تووشی "برینی سوک" بوون و ئەفسەرێکی ئەمنی عێراقیش بە سەختی بریندار بووە.

بەرپرسەکە ڕایگەیاندووە بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان بنکەکە لە ڕێی موشەکێکی باڵیستیکییەوە لێیدراوە، بەڵام ئاماژەشی بەوەدا ئەگەری هەیە بە ڕۆکێت لێیدرابێت، وتیشی هەڵسەنگاندنەکان بەردەوامن.

سەرچاوەیەکی بەرگری ئەمەریکا و بەرپرسێکی پۆلیسی عێراق بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسییان ڕاگەیاندووە نزیکەی 20 موشەک ئاڕاستەی بنکەی عەین ئەسەد کراون کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای عێراقەوە و میوانداری هێزەکانی هاوپەیمانان دەکات بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا.

لەوەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە تاقمە شیعەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ سەر بنکە و پێگەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە عێراق و سوریا دەستپێکردووە.

ئاژانسی هەواڵی ئیسنا لەو چوارچێوەیەدا نووسیویەتی گرووپی " مقاوەمەی عێراق" بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕۆژی شەممەی لە ئەستۆ گرتووە.

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران، گرووپە بە وەکالەتەکانی سەر بەو وڵاتە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گرووپەکانیمقاوەمەی ئیسلامی ناو دەبەن.

سەرچاوە/ئەلعەرەبییە/ڕادیۆ فەردا