ئەمەریکا ئەو دەسەڵاتەی پێدەدرێت دەست بەسەر فڕۆکەکانی دەسەڵاتدارێکی دەوڵەمەندی ڕووسیادا بگرێت

دادگایەکی ئەمەریکا بەپێی ئەو ڕێوشوێنانەی ئەمەریکا سەپاندوونی بەسەر ڕووسیادا بەهۆی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا، مۆڵەتیدا بۆ دەستبەسەراگرتنی دوو فڕۆکەی گرانبەهای ملیاردێری ڕووسی ڕۆمان ئابرامۆڤیچ.

بەڵام هێشتا ڕوون نیە کە ئایا ئەمەریکا دەتوانێت کۆنتڕۆڵی تەواوی فڕۆکەکان بکات یاخود نا، کە نرخەکەی دەگاتە 400 ملیۆن دۆلار.

بەرپرسێکی وەزارەتی دادی ئەمەریکا وتی دوو فڕۆکەکە، بۆینگ 787 دریملاینەر کە نرخەکەی دەگاتە 350 ملیۆن دۆلار و فڕۆکەی گۆڵفستریم جی650 ئی ئاڕ کە نرخەکەی دەگاتە 60 ملیۆن دۆلار، لەژێر دەستی ئەمەریکادا نین. هەروەها ڕەتیشی کردەوە ئاماژە بەوە بدات کە ئایا حکومەتی ئەمەریکا دەزانێت دوو فڕۆکەکە لەکوێن یاخود نا.

دادوەرێکی فیدڕاڵی ئەمەریکا لە مانهاتن بە هۆکاری ئەوەی لەمدواییانەدا دوو فڕۆکەکە سزاکانی ئەمەریکایان بۆ سەر ڕووسیا پێشێلکردووە، مۆڵەتی دەستبەسەراگرتنەکەی دەرکرد. وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکاش بە تۆمەتێکی هاوشێوە سکاڵای دژی ئابرامۆڤیچ تۆمارکردووە.

بەڵام بەرپرسەکان وتیان ڕەنگە مۆڵەتەکان ببنە هۆی ئەوەی کۆمپانیاکان ناچار بکەن یارمەتی گواستنەوەی دوو فڕۆکەکە نەدەن. بەرپرسانی ئەمەریکا هەوڵی ئەوە دەدەن فشار بخەنەسەر ئەو دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندانەی ڕووسیا کە لە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتنەوە نزیکن تاوەکو ڕازی بکەن داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا ڕابگرێت، کە ڕووسیا بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناوی دەبات.
وتەبێژێکی ئابرامۆڤیچ لێدوانی لەسەر بابەتەکە نەدا و ئابرامۆڤیچیش ڕەتی کردۆتەوە پەیوەندیی نزیکیی لەگەڵ پوتندا هەبێت.

وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا دەڵێت فڕۆکەی گۆڵفستریم لە 12 ی مانگی سێدا لە ئیستانبوڵەوە بەڕێکەوتووە بۆ مۆسکۆ، ڕۆژێک دواتر بەرەو تەل ئەڤیڤ ڕۆیشتووە و دواتریش دووبارە لە 15 ی مانگی سێدا لە ئیستەنبوڵەوە ڕۆیشتۆتەوە بۆ مۆسکۆ. فڕۆکەکەی دیکەش لە 4 ی مانگی سێدا لە دوبەیەوە ڕۆیشتووە بۆ مۆسکۆ.

بەهۆی ئەوەی فڕۆکەکان دروستکراوی ئەمەریکان و گەشتەکانیش دوای قەدەغەکردنی هەناردەکردن بووە بۆ ڕووسیا، ئابرامۆڤیچی ڕووسی دەبووایە مۆڵەتی لە وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکاوە وەربگرتایە بۆ ئەوەی فڕۆکەکە ببات بۆ ڕووسیا. بەڵام داوای مۆڵەتی نەکردووە. بەرپرسێکی بەڕێوبەرایەتییەکەی وەزارەتەکە بە ڕۆژنامەنووسانی وت سیاسەتی وەزارەتەکە ئەوەیە ئەو جۆرە داوایانە ڕەت بکاتەوە.

ڕەنگە وەزارەتەکە بۆ هەر گەشتێکی بێ مۆڵەت بە بڕی 328,121 دۆلار غەرامەی ئابرامۆڤیچ بکات، یاخود نزیکەی یەک ملیۆن بۆ سێ گەشتەکە.

بەرپرسی وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا جۆن سۆندەرمان وتی " دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیا وەکو ئابرامۆڤیچ ڕێگەیان پێنادرێت بەبێ دەرەنجام سزاکانی ئەمەریکا پێشێل بکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز