ئەمەریکا گووگڵ دەباتە دادگا

ڕۆژی سێشەممە ئەمەریکا گووگڵ دەباتە بەردەم دادگایەکی فیدڕاڵی. حکومەتی ئەمەریکا گووگڵی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی ڕەفتاری کردووە تاوەکو ببێتە یەکەمین بزوێنەری دیاریی گەڕان لە جیهاندا.

بۆ ماوەی 10 هەفتە لە شایەتیدان کە زیاتر لە 100 شایەتحاڵ لە خۆدەگرێت، گووگڵ هەوڵدەدات دادوەر ئامیت پی مەهتا ڕازی بکات لەسەر ئەوەی دۆسییە مێژووییەکە کە لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمەریکاوە دروست کراوە، هیچ بەهایەکی یاسایی نییە.

دادگاییەکە لە دادگایەکی واشنتن بەڕێوەدەچێت، دادگاییەکە گەورەترین دۆسییەی بێ متمانەیی ئەمەریکا دەبێت دژی کۆمپانیایەکی گەورەی تەکنەلۆجیا، ئەمەش لە دوای ئەوەی بیست ساڵ لەمەوبەر هەمان وەزارەتی ئەمەریکا کۆمپانیای مایکرۆسۆفتی بردە بەردەم دادگا لەسەر زاڵبوونی ویندۆکانیدا لە سەرانسەری جیهاندا.

دۆسییەکەی گووگڵ لە بۆچوونی حکومەتەوە سەرچاوەی گرتووە کە دەڵێت گووگڵ بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە زاڵبوونی خۆی سەپاندووە لە گەڕانەکاندا لە ئۆنلاین، ئەوەش لە ڕێی گرێبەستکردنەوە لەگەڵ کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئامێرەکان، لەوانەش، کارپێکەرەکانی مۆبایل و ئەو کۆمپانیایانەی دیکە کە هیچ دەرفەتێکییان بۆ ڕکابەرەکانییان نەهێشتووەتەوە تاوەکو کێبڕکێ بکەن.

لە ڕێی پێدانی ملیاران دۆلار ساڵانە بە ئاپڵ و ئەوانی دیکە لەلایەن گووگڵەوە، گووگڵ پێگەکەی وەکو یەکەمین بزوێنەری گەڕان لە تەلەفونەکان و براوزەری ماڵپەڕەکاندا مسۆگەرکرد.

وەزارەتی دادی ئەمەریکا لە سکاڵا یاساییەکەیدا دەڵێت " دوو دەیە لەمەوبەر، گووگڵ بووە ئازیزی سیلیکۆن ڤالێ وەکو کۆمپانیایەک بە دەستپێکێکی خراپەوە و ڕێگەیەکی داهێنەرانە بۆ گەڕان بە دوای ئەو ئینتەرنێتەدا کە سەریهەڵدەدا، ئەو گووگڵە لە مێژە نەماوە."

گەورەترین قوربانییەکانی دۆسییەکە ئەو بزوێنەری گەڕانانەن کە گووگڵ زاڵبووە بەسەرییاندا، ئەوانش مایکرۆسۆفت بینگ و دەکدەکگۆن.

گووگڵ تاوەکو ئێستا یەکەمین بزوێنەری گەڕانە لە جیهاندا و لە سەدا 90 ی بازاڕەکانی ئەمەریکا و سەرانسەری جیهانی کۆنتڕۆڵ کردووە، زۆربەی ئەوەش لە ڕێی بەکارهێنانی ئایفۆنەکان و ئاندرۆیدەکانەوەیە.

سەرۆکی گووگڵ بۆ کاروباری جیهانی، کەنت وۆڵکە، دەڵێت " بە کورتی، خەڵک گووگڵ بەکارناهێنێت لەبەر ئەوەی پێویستە بەکاریبهێنن، بەڵکو لەبەر ئەوە بەکاریدەهێنن چونکە دەیانەوێت بەکاریبهێنن."

سەرچاوە/ فرانس پرێس