سەرۆک ترامپ باری نائاسایی بۆ ویلایەتی لویزیانا ڕاگەیاند

ناوچەیەکی شاری هیوستنی ویلایەتی تەکساس نوقمی ئاوی لافاو بووە، 27 ی مانگی هەشتی 2017

سەرۆک ترامپ باری نائاسایی بۆ ویلایەتی لویزیانا لە باشوری وڵاتەکە ڕاگەیاند، ئەمەش بە ئامانجی دابینکردنی یارمەتی حکومەتی فیدراڵی بۆ ئەو ویلاتە لەم کاتەی زریانی هارڤی لە بەشێـکی دەدات.

کۆشکی سپی ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیانـنامەیەکدا ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی ئەمە مۆڵەت بە دەزگای فیدراڵی بۆ بارودۆخە نائاسایـیەکان دەدات پـێدوایستی و یارمەتی بۆ شوێنە لێقەوماوەکان دابینبکەن.

هاوکات لە ویلایەتی تەکساس کە لە ئێوارەی ڕۆژی هەینیەوە لایەکی کەوتووەتە بەر ئەم زریانە بەهێزە، چاوەڕوان‌دەکرێت لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوو بارانبارین لە چەند ناوچەیەکی بەردەوامبن و پـێشبینی دەکرێت بە ڕێژەی نێوان 38 بۆ 63 سانتیمەتر ببارێت و تەنانەت مەزەندەدەکرێت لە هەندێـک ناوچە بگاتە 127 سانتیمەتر. جگە لە بارانەکە بایەکی ئێجگار بەهێز لە چەند ناوچەیەکی داوە کە لە هەندێـک شوێن خێرایـیەکەی گەیشتووەتە زیاتر لە 100 کیلۆمەتر لە کاژمێرێـکدا.

هیوستن کە چوارەمین گەورەترین شاری ئەمەریکایە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، باران و لافاوێـک گرتوویەتێەوە کە لە مێژووی نزیکدا پـێشتر ڕووی نەداوە. دەزگای بەهاناچوون لەو شارە دەڵێت لە کاژمێر 10 ی شەوی شەممەوە هەتا نیوەڕۆی یەکشەممە زیاتر لە 56 هەزار پەیوەندی تەلەفۆنی بۆ کراوە.

بەپـێی ڕاپـۆرتەکان مەزەندەدەکرێت یەک لەسەر چواری دانیشتوانی تەکساس بەهۆی ئەم زریانەوە زیانیان پـێگەیشتبێت، واتە نزیکەی 6.8 ملیۆن کەس. خوێندن و کاری ئۆفیسەکان لەو ناوچانە ڕاگیراون کە زریانەکە گرتووونی و هەروەها ژمارەیەک لە فڕۆکەخانەکانی تەکساس گەشتە ئاسمانیـیەکانیان هەڵوەشاندەوە.