ئەمەریکا لەسەر حزبوڵڵای لوبنان سزای چەند کەس و کۆمپانیایەک دەدات

ئەمەریکا سزای بەسەر 6 کەس و7 کۆمپانیا سەپاندووە کە پەیوەندیـیان بە کاردارێکی لوبنانی سەر بە حزبوڵڵای لوبنان هەیە، ئەمەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی هەژمونی ئێران لە دەرەوە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی لە بەیانـنامەیەکدا نووسیویەتی ئەم کەس و کۆمپانیانە بریتین لە تۆڕێک کە لە لوبنان و عێراق و چەند وڵاتێکی ئەفریکا کاردەکەن و پەیوەندیـیان بە کارداری لوبنانی ئەدەهەم تەباجە هەیە، ئەوەی پارە و پـول بۆ حزبوڵڵای لوبنان دابیندەکات.

بەپـێی سزاکان ئەم کەس و کۆمپانیانە ئەگەر سەروەت و سامانیان لە ئەمەریکادا هەبێت، ئەوا دەستیان بەسەردادەگیرێت، وە هەروەها هیچ ئەمەریکایـیەک بۆی نیـیە مامەڵەیان لەگەڵدا بکات.

کاربەدەستان لە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسیان گوتووە ئەمە سەرەتای هەڵمەتێکە بۆ فشارخستنە سەر حزبوڵڵا کە ئێران پـشتیوانی دەکات.

هەروەها ئاشکرایان کردووە کە مەزەندەی دەکەن ئێران ساڵانە نزیکەی 700 ملیۆن دۆلار بۆ حزبوڵڵا دەنێرێت.