ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پڕۆژە یاسای یارمەتیدانی ئیسڕائیل پەسەند دەکات، سینات پشتگوێی دەخات

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مایک جۆنسن

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پڕۆژە یاسایەکی کۆمارییەکانی پەسەند کرد بۆ دابینکردنی بڕی 14.3 ملیار دۆلار یارمەتی بۆ ئیسرائیل، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی دیموکراتەکان دەڵێن پڕۆژە یاساکە لە ئەنجومەنی سیناتدا پەسەند ناکرێت، کۆشکی سپیش بەڵێنیداوە ڤیتۆ دژی پڕۆژە یاساکە بەکاربهێنێت.

226 ئەندام لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پڕۆژە یاساکەیان پەسەند کرد، 214 کۆماریی و 12 دیموکرات، 196 ئەندامیش کە سەرجەمییان سەر بە پارتی دیموکراتەکان بوون لەگەڵ دوو ئەندامی کۆمارییەکاندا، دژی پڕۆژە یاساکە دەنگیاندا.

پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکە یەکەمین کاری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بوو لە ژێر سەرۆکی نوێی ئەنجومەنەکە مایک جۆنسنی کۆماریدا.

بەڵام بەهۆی ئەوەی پڕۆژە یاساکە بۆ یارمەتیدانی ئیسڕائیل لەگەڵ بڕینی خزمەتگوزارییەکانی داهاتی ناوخۆدا دێت و یارمەتییەکان بۆ ئۆکرانیا دەبڕێت، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەڵێنیداوە پڕۆژەکە پەسەند نەکات و ڤیتۆ دژی بەکاربهێنێت، چەک شومەری ڕابەری دیموکراتەکانیش لە ئەنجومەنی سینات، وتی پڕۆژە یاساکە ناخاتە دەنگدانەوە. دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سیناتدا زۆرینەن و کۆمارییەکانیش لە ئەنجومەنی نوێنەراندا زۆرینەن.

بایدن داوای لە کۆنگرێس کردووە خەرجییەکی بەپەلەی 106 ملیار دۆلاریی پەسەند بکەن بۆ یارمەتیدانی ئیسڕائیل و تایوان و ئۆکرانیا و هاوکات بۆ یارمەتییە مرۆییەکانیش. شومەر دەڵێت ئەنجومەنی سینات تاوتوێی پڕۆژەیە یاسایەکی دیکە دەکات کە هەموو بابەتەکان لە خۆبگرێت.

ناکۆکییەکانی نێوان دوو ئەنجومەنەکە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی چەند هەفتەیەکی دیکەش کۆنگرێس نەتوانێت هیچ پلانێکی بەپەلە پەسەند بکات.

پڕۆژە یاساکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ملیاران دۆلار تەنها بۆ سوپای ئیسڕائیل دابین دەکات، 4 ملیار دۆلاری بۆ پەیداکردنی سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی ئیسڕائیل تەرخان دەکرێت، بۆ بەرپەرچدانەوەی مەترسی موشەکە مەودا کورتەکان، هەروەها گواستنەوەی چەند کەلوپەلێکی سەربازیی لە کۆگاکانی سوپای ئەمەریکاوە بۆ ئیسڕائیل.

بەپێی پلانێکی 10 ساڵەیی کە لە ساڵی 2016 ەوە کاری پێدەکرێت، ئیسڕائیل ساڵانە بڕی 3.8 ملیار دۆلار یارمەتی سەربازیی لە ئەمەریکاوە وەردەگرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز