ئەمەریکا سزای دارایی سەپاند بەسەر 2 فەرماندەی لەشکری حوسیـیەکان کە تاوانبارن بە ئەنجامدانی هێرشی سەر خەڵکی سیڤیل و وڵاتانی دراوسێ و کەشتیـیە بازرگانیـیەکان.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی ئۆفیسی چاودێری سەروەت و سامانی بیانی لە وەزارەتی خەزێنە سزای سەپاند بەسەر 2 میلیتانی سەرەکی گروپی ئەنساروڵڵای سەر بە ئێران کە جارجار بە حوسیـیەکان ناودێردەکرێن. ئەم گروپە کارەکانیان بوونەتە هۆی درێژبوونەوەی شەڕی ناوخۆی یەمەن و زیادبوونی قەیرانە مرۆیـیەکان.
وەزارەتەکە ناوی هەردوو فەرماندە حوسیـیەکەی ڕاگەیاند کە بریتین لە مەنسور ئەلسەعدی، کە حوسیـیەکان پێی دەڵێن سەرۆکی ئەرکانی هێزی دەریایی و ئەحمەد عەلی حەسەن ئەلحەمزی فەرماندەی هێزی ئاسمانی.
ئەم دوو کەسە بەرپـرسن لە هێرشی حوسیـیەکان بۆ سەر خەڵکی سیڤیلی یەمەن و وڵاتانی دراوسێ و کەشتیـیە بازرگانیـیەکان لە نێو ئاوە نێودەوڵەتیـیەکاندا. ئەم کارانەش کە بۆ ئامانجی ڕژێمی ئێران لە نانەوەی ناسەقامگیری لە ناوچەکە ئەنجامی دەدەن، بوونەتە هۆکاری خۆشکردنی ئاگری شەڕی یەمەنیـیەکان کە بەهۆیەوە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ئاوارەبوون و خەڵکی ئەو وڵاتەی هێناوەتە سەر لێواری برسێتی.
لە سەرەتای شەڕی یەمەنەوە، حوسیـیەکان بە پشتیوانی ئێران شەڕێکی خوێناویـیان لە دژی حکومەتی یەمەن دەستپـێکرد لە ڕێگەی بەکارهێنانی موشەکی بالستی و تەقەمەنی و مینی دەریایی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان.
وەزارەتەکە لە درێژەی ڕاگەیاندنەکەی باس لە ڕۆڵی ئێران لە شەڕی ناو یەمەن دەکات، دەڵێت ڕژێمی ئێران پارە و چەکی بۆ حوسیـیەکان ناردووە، لەوانە موشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و چەکی سووک. هەروەها هێزی قودسی سوپای پاسداران مەشقیان بە حوسیـیەکان کردووە و ڕێنمایی لەشکریـیان کردوون، وە بەمەش بوونەتە جێی هەڕەشە بۆ سەر خەڵکی سیڤیل لە یەمەن و عەرەبستانی سعودیـیە.