ئەمەریکا سزا بەسەر چەند لایەنێکی تورکیادا دەسەپێنێت بەهۆی یارمەتیدانی جەنگەکەی ڕووسیاوە

ڕۆژی چوارشەممە ئەمەریکا سزای بەسەر لانیکەم چوار لایەندا سەپاند کە بنکەکانیان لە تورکیایە، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە ئەو لایەنانە کۆنتڕۆڵکردنی هەناردەکردنیان پێشێل کردووە کە ئەمەریکا سەپاندوویەتی بەسەر ڕووسیادا و دەڵێت یارمەتی ڕووسیایان داوە لە جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا.

سزاکان کۆمپانیایەکی ئەلیکترۆنی و بازرگانێکی تەکنەلۆجیاش دەگرنەوە کە گوایە یارمەتیدەر بوون لە گواستنەوەی ئەو شتومەکانەی کە " چەند بەکارهێنانێکیان هەیە "، سزاکان بەشێک بوون لە سزا نێودەوڵەتییەکان کە بەسەر زیاتر لە 122 لایەندا سەپێندراون و وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە.

دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، واشنتن و هاوپەیمانەکانی سزای بەرفراوانییان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند، بەڵام هێشتا ڕێڕەوە بازرگانییەکانی تورکیا و ناوەندە بازرگانییەکانی دیکەی وەکو هۆنگ کۆنگ و ئیماڕات بە کراوەیی ماونەتەوە.

بەرپرسێکی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزی وت سزاکان ئەو کەس و لایەنانەیان کردۆتە ئامانج کە لە کەرتەکانی دەریایی و بازرگانی تورکیادا کاردەکەن و بەشێوەیەکی سەرەکی ڕووسیا خاوەنییانن یاخود پەیوەندییان بە ڕووسیاوە هەیە.

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی " سزاکان ئاگادارکردنەوەیەکن لە قۆناغی پەرەسەندنی کۆنتڕۆڵکردنی هەناردەکردن."

تورکیای ئەندام لە ناتۆ لە ماوەی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکرانیاشدا پاراستووە.

تورکیا لە بنەمادا دژایەتی سزاکانی ڕۆژئاوا دەکات دژی ڕووسیا، بەڵام دەڵێت لە تورکیا گوێیان پێنادرێت و هیچ بەرهەمێک کە ڕەوانەی ڕووسیا دەکرێت ناتوانرێت لەلایەن سوپای ڕووسیاوە بەکاربهێندرێت.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا وتی کۆمپانیای ئازوی ئەلیکترۆنی نێودەوڵەتی کردۆتە ئامانج، کە دەڵێت چیپی کۆمپیوتەری بیانی ڕەوانەی ڕووسیا کردووە.

لە مانگی دوانزەدا ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە ئازو لانیکەم بە بڕی 20 ملیۆن دۆلار پارچەی ڕەوانەی ڕووسیا کردووە، لەو پارچانەدا جۆرە چیپێکی تێدا بووە کە لەلایەن کارگە ئەمەریکییەکانەوە دروست کراون، ئەوەش بەپێی تۆماری گومرگی ڕووسیا.

خەزێنەی ئەمەریکا کۆمپانیای دێکسیاسیشی کردۆتە ئامانج، کە کۆمپانیایەکی بەرهەمە پیشەسازییەکان و بازرگانییە. وەزارەتەکە وتی کۆمپانیاکە وەکو نێوەندکارێک بۆ لایەنێکی سزادراوی ڕووسی کاریکردووە. سزای بەسەر بەڕێوبەری گشتی کۆمپانیاکەشدا سەپاندووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز