وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بەنیازە 3750 سەرباز ڕەوانەی سنووری مەکسیک بکات

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ( پێنتاگۆن) ڕایگەیاند بەنیازە 3750 سەربازیی ئەمەریکی ڕەوانەی سنووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە لەگەڵ مەکسیکدا بکات بۆ ماوەی 3 مانگ، ئەمەش بەمەبەستی هاوکاریکردنی کارمەندانی گومرگ و پاسەوانانی سنوور.

وەزارەتەکە وتیشی زیادکرنی ئەم هێزە ژمارەی گشتی ئەو هێزانە زیاد دەکات کە هاوکاری کارمەندانی گومرگ و پاسەوانانی سنوور دەکەن و ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 4350 سەرباز.

لە مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا وەزارەتەکە ڕازیبوو لەسەر ڕەوانەکردنی ئەم هێزە بۆ سەر سنووری مەکسیک، ئەمەش پێش هەڵبژاردنەکانی خولی نیوەی کۆنگرێسی ئەمەریکا.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکادا هاتووە دەڵێت هەڵسوڕێنەری کاروبارەکانی وەزیری بەرگری ئەمەریکا پاتریک شانەهان لە 11 ی مانگی یەکدا بڕیاریداوە ئەو هێزە ڕەوانەی سنوورەکە بکرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز