ململانێی نێوان ئێران و ئەمەریکا دۆخی عێراقی شڵەقاندووە

بۆردومانی شەوی ڕابردووی بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە، بۆچوونی جیاوازی دروستکردووە، بەشێک لە چاودێران بەسەرەتای ململانێی نوێ و بەشێکی تریش بەدەستپێکی هێوربوونەوەی دۆخەکە لێیدەڕوانن.

شەوی ڕابردوو، ئێران بنکەی عەینولئەسەدی لەپارێزگای ئەنبار و چەند جێگەکەی تری لەهەرێمی کوردستان بۆمب بارانکرد، ئەمەش وەکو وەڵامدانەوەی کوژرانی قاسمی سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس لەلایەن ئەمەریکاوە.

بۆمب بارانەکەی شەوی ڕابردووی ئێران، ئەو بۆچوونەی لای بەشێک لەچاودێران دروستکردووە، کە دەستپێکی هێورکردنەوەی بارگرژیەکانی هەفتەی رابردووی نێوان ئەمەریکاو ئەو وڵاتە بێت، بەو پێیەی ئێران، لایەنگرانی خۆی پێ ڕازیکرد و ئەمەریکاش زیانی بەرنەکەوت.

دکتۆر سەردار عەزیز شارەزای کاروباری نێودەوڵەتی، پێیوایە خۆشحاڵبوونی ئێرانیەکان بە هێرشەکە و بێدەنگی ئەمەریکاییەکان، بەرەو ئەوە دەڕوات کە ئەو دوو وڵاتە هیچکامیان هەرلە سەرەتاوە شەڕیان نەویستبێت.

ناوبراو بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئێرانیەکان شانازی بەبۆردومانەکەوە دەکەن و ئەمەریکاش لێی بێدەنگە، ئەمە بەرەو سەقامگیربوونی دۆخەکە دەڕوات."

فەرماندە سەربازیەکانی ئێران پێشتر هەڕەشەی هەڵگیرساندنی شەڕی گەورەیان لەدژی ئەمەریکا دەکرد، بەرپرسانی ئەمەریکاش جەختیان لەسەر وەڵامدانەوە دەکردەوە، بۆیە ناوچەکە تەواو ئاڵۆز بووبوو.

هێرشەکەی شەوی رابردووی ئێران کە زیانی گەورەی بە ئەمەریکیەکان نەگەیاند، گومانی ئەوەی دروستکردووە، کە ئێرانیەکان خواستی گەورەکردنەوەی بارگرژیەکانی نەبووبێت، بەڵکو ویستبێتی خۆی لەدۆخی ئیحراجی قوتار بکات.

دکتۆر سەردار عەزیز، دەڵێت"ئێران و ئەمەریکا لەڕووی هیز و چەکەوە بەراورد ناکرێن، ئەمەریکا خاوەنی پێشکەوتووترین چەکە و ئێرانیش لەژێر ئابڵوقەدایە و نەیتوانیووە پێشبکەوێت."

ئەمەریکیەکان هەڕەشەی گورز وەشاندنیان لەچەندین ناوچەی ستراتیژی نێو ئێران کرد، لەکاتێکدا هەموو هەوڵەکانی پێشتری ئێران بۆ گواستنەوەی شەڕبووە بۆ وڵاتانی دەوروبەر، بەم هۆیەوە پشتیوانی چەندین گروپی میلیشیا دەکات.

دکتۆر سەردار دەڵێت"شەڕی دەوڵەت بۆ ئەمەریکا ئاسانە وەک لە گروپ، بۆیە ئیرانیش نەیویست شەڕەکە بباتە ناو خاکەکەی."

لەکاتێکدا پێشتر ئێرانیەکان هەڕەشەی بەئامانج کردنی ئیسرائیل و کەنداو و چەندین وڵاتی تریان دەکرد، بەڵام گورزە سەربازیەکانی ئەو وڵاتە تەنها عێراقی گرتەوە.

دکتۆر مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری کورد، پێیوایە عێراق حکومەتی تێدا نیە و سیادەی نەماوە، بۆیە ئێرانیەکان ئەو وڵاتەیان بۆ کردەی سەربازی هەڵبژاردووە.

بەئامانج کردنی هەولێر لەلایەن ئێرانیەکانەوە بۆ بەرپرسانی هەرێم مایەی نیگەرانیە، بەو پێیەی ئەوان هەوڵی پاراستنی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئێراندا داوە و بەشداری پرسەی سولەیمانیشیان کردووە.

بەشێک لەو چاودێران، وایلێکدەدەنەوە بەئامانج کردنی هەولێر پەیامی سیاسی ئێرانی لە پشتەوە بێت، بەو پێیەی نوێنەرانی کورد لەپەرلەمانی عێراق پشتگیری کوتلە شیعیەکانیان بۆ دەرکردنی بریاری دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا نەکردووە.

بەڵام دکتۆر سەردار، دەڵێت"مادام زۆربەی بنکەکانی ئەمەریکا لە هەرێم و ناوچە سونیەکانن، ئەو گریمانەیە لاواز دەبێت کە بۆردومانەکەی هەولێر پەیامی تێدا بێت."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئەنوەر