ئەمەریکا جەنەڕاڵێکی پاسدارانی ئێران تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی کوشتنی ئەمەریکاییەک لە ساڵی 2022 لە عێراق

وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی وتی جەنەڕاڵێکی لە سوپای پاسدارانی ئێراندا تاوانبار کردووە بە تاوانی کوشتن و تیرۆر لە مەرگی هاووڵاتی ئەمەریکایی ستێفن ترۆیل لە ساڵی 2022 دا لە عێراق.

بەپێی سکاڵانامەیەک کە لەلایەن دادگای فیدڕاڵی ئەمەریکاوە لە مانهاتن ئاشکرا کراوە، محەمەد ڕەزە نوری تەمەن 36 ساڵ یارمەتی پلانی هێرشێکی داوە بۆ سەر ترۆیلی تەمەن 45 ساڵ، کە لە ناوەندێکی زمانی ئینگیلیزی کاری کردووە لە ناوەڕاستی بەغداددا.

هەروەها دەڵێت هێرشەکە وەکو وەڵامێک بووە بۆ کوشتنی فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمەریکاوە کە لە ساڵی 2020 دا لە ڕێی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لە بەغداد کوژرا.

وەزیری دادی ئەمەریکا مێریک گارلاند وتی " وەزارەتی داد ئارامی نابێت بەرامبەر تیرۆریستان و ڕژێمە چەوسێنەرەکان کە ئەمەریکاییەکان لە جیهاندا دەکەنە ئامانج و دەیانکوژن."

نوری پێشتر لە عێراق تاوانبار کراوە و دەستبەسەرە، لەگەڵ چوار عێراقی دیکەدا، لەسەر کوشتنی ترۆیل. سەرجەمییان ساڵی ڕابردوو لە عێراق سزای زیندانیکردنی تا هەتاییان بەسەردا سەپێندرا.

نوری لە دادگای ئەمەریکادا ڕووبەڕووی هەشت تۆمەت بووەتەوە، لەوانەش، کوشتنی هاووڵاتیەکی ئەمەریکایی و دابینکردنی پشتیوانی ماددی بۆ تیرۆر کە بووەتە هۆی مەرگ. ئەمەریکا سوپای پاسدارانی ئێرانی وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووە.

سکاڵانامەکە باس لەوە دەکات کە نوری زانیاری تایبەتی لەسەر ترۆیل کۆکردووەتەوە، کە وادیارە پێی وابووە کە ترۆیل ئەفسەرێکی هەواڵگری ئەمەریکایی یان ئیسڕائیلییە، خەڵکی بەکرێ گرتووە تاوەکو دژی ترۆیل کاربکەن.

ترۆیل لە 7 ی مانگی یانزەی ساڵی 2022 دا تەقەی لێکرا و کوژرا، ئەوەش دوای ئەوەی چەند چەکدارێک ناچارییان کرد ئوتومبێلەکەی ڕابگرێت کە لەو کاتەدا لەگەڵ خێزانەکەیدا بووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز