دەزگای وزەی ئەتۆمی: هیچ کێشەیەکمان نیە لەگەڵ ئێراندا لەبارەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە

بەڕێوبەری گشتی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی وتی تا ئێستا پشکنەرەکانی هیچ کێشەیەکیان نەبووە لەگەڵ ئێراندا دوای هەفتەیەک لەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕەتی کردەوە پابەندبوونی ئێران بە ڕێکەوتنە ناوەکیەکەوە پەسەند بکات.

لە گۆڕانکارییەکی گەورەی سیاسەتی ئەمەریکادا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە 13ی ئەم مانگەدا ڕەتی کردەوە پابەندبوونی ئێران بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە پەسەند بکات کە لە نێوان هێزەکانی جیهاندا لە ساڵی 2015 دا واژۆ کراوە.

یوکیا ئامانۆی بەڕێوبەری دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا جان یێڤ لۆدریان وتی " کاتەکە بەشی ئەوەی نەکرد بۆ ئەوەی بزانین هیچ گۆڕانکارییەک هەیە لە بەرنامەی ئێرانییەکاندا. بەڵام ئەوان بە ووریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ڕێکەوتنەکەدا دەکەن و ئێمەش بەردەوام دەبین لە چاودێریکردن و لێکۆڵینەوەکانمان بەبێ هیچ کێشەیەک."

لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا هاتووە دەبێت ئێران چالاکیە ناوەکییەکانی کەم بکاتەوە و لەبەرامبەردا سزاکانی لەسەر لادەبرێن. ئامانجی پابەندبوون بەم ڕێکەوتنەشەوە ئەوەیە کە گرەنتی ئەوە دەکات ئێران تواناکانی بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکیی پەرە پێنەدات. دەزگای وزەی ئەتۆمیش لێکۆڵینەوە لەوە دەکات تا بزانێت ئێران پابەندە بەوەوە یان نا.

ئامانۆ کە لەماوەی ڕابردوودا لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆندا کۆبۆوە وتیشی تاران ڕێگەش بە دەزگاکە دەدات بچنە ناو هەموو ئەو شوێنانەوە کە پێویستە بپشکنرێن.

ماکرۆنیش لە ماوەی ڕابردوودا داوای لە دەزگاکە کرد بە تەواوەتی گرەنتی ئەوە بکات کە ئێران پابەندە بە ڕێکەوتنەکەوە. دووبارە جەختی لە پشتیوانیکردنی فەڕەنسا لە ڕێکەوتنەکە کردەوە.

لۆدریان وتی " بەهۆی دەزگای وزەی نێودەوڵەتییەوە هیچ ترسێکمان نیە سەبارەت بەم بابەتە. ڕێکەوتنەکە جێ بەجێدەکرێت و ئێمەش پێمان وایە لە ساڵی 2015 ەوە تا ئێستا ئێران پابەندبووە بە ڕێکەوتنەکەوە."

کاتێکیش پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی کە ئایا پاریس دەیەوێت سزا بسەپێنرێت بەسەر سوپای پاسدارانی ئێراندا وەکو چۆن ئەمەریکا داوای دەکات، لۆدریان لە وەڵامدا وتی ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە دەبێت بابەتی ناوەکیی جیا بکرێتەوە لە هەموو چالاکیەکانی تری ئێران.

وتی " چالاکییەکانی تری ئێران مەترسیدارن بەڵام بەشێک نین لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە."

وتیشی بەنیازە لە هەفتەکانی داهاتوودا سەردانی تاران بکات و وتی " هەلێکمان دەبێت بۆ ئەوەی لە نزیکەوە فشار بخەینە سەر ئێرانییەکان لەبارەی بابەتەکانی موشەک و چالاکییەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و دواتر دەتوانین سزاکان دیاریبکەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز