سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا سەرزەنشتێکی زۆری کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد.
دانۆڵد ترامپ دەڵێت ئێران ڕژێمێکی بکوژی هەیە و ئەو ڕێککەوتنە ناوکییەش کە سەرۆک براک ئۆباما دانوستاندنی لەسەر کردبوو، جێی شەرمەزارییە.
لەم یەکەم وتاریدا وەک سەرۆکی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی ئەو ڕێککەوتنە ناوکییەی کراوە یەکێکە لە خراپترین و تاک لایەنە ترین ڕێککەوتنێک بووە کە ئەمریکا کردوویەتی.
سەرۆک ترامپ کۆماری ئیسلامی ئێرانی وەک وڵاتێکی شەڕانگێز و سەرکوتکار ناودێر کردووە و داوای لە تارانیش کرد تەواوی ئەو ئەمریکاییانە و ئەو خەڵکە بیانیانەی لە زیندانەکانی ئێراندان ئازاد بکات. سەرۆک ترامپ دەڵێت حکومەتی ئێران دیکتاتۆریەتێکی گەندەڵی لە پشت دیموکراسیەتێکی ساختەوە شاردۆتەوە و وڵاتێکی دەوڵەمەند و کلتور و مێژوویەکی زەنگینیشی گۆڕیوە بۆ وڵاتێک کە توندوتیژی و خوێنڕشتن و ئاژاوەگێڕی هەناردە دەکات.
میوانی بەرنامە:
عومەر ئێلخانیزادە، سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان.
سەرۆک ترامپ داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکات کە ئێستا کاتی ئەوەیە هەموو وڵاتان و لەگەڵ ئەمریکادا داوا لە حکومەتی ئێران بکات کۆتایی بە ڕێبازەکانی بۆ کوشتن و وێرانکردن بێنێت، وەک لە وتارەکەیدا جەختی لێکردەوە لە سەروو هەموو شتێکەوە پێویستە ڕژێمی ئێران پشتیوانیکردنی تێرۆریزم ڕابگرێت و خزمەتگوزاری بۆ گەلانی ئێران دابین بکات و هەروەهاش سەروەری و مافی وڵاتانی دراوسێشی بپارێزێت.
ڕۆژی چوارشەممەش سەرۆکی ئێران لە وتارەکەیدا لەبەردەم ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا جەختی دەکردەوە لەوەی تاران تەواوی وابەستەییەکانی بەرامبەر کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ئەو پەیمانانەی دراویشن نایانشکێنێت.
حەسەن ڕۆحانی دەڵێت " لەبەردەم هەمووتاندا ڕایدەگەیەنم کە کۆماری ئیسلامی ئێران نابێتە یەکەم وڵاتی ڕێککەوتنەکە پێشێل بکات، بەڵکو بە سوربوونەوە وەڵامی هەر لایەنێک دەداتەوە پێشێلی لەو ڕێککەوتنەدا بکات."
ڕۆحانی دەشڵێت جێی مەخابنە ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە لەلایەن ئەوانەی تازە هاتونەتە ناو سیاسەتەوە تێکبدرێت، وە سوربوونی خۆیشی دەربڕی بەوەی کە ڕێککەوتنە ناوکییەکە جارێکی تر دانوستاندنی لەسەر ناکرێتەوە، وەک وەڵامێک بۆ داواکەی سەرۆک ترامپ بۆ دانوستاندن کردن لەسەر ڕێککەوتنەکە.
کۆماری ئیسلامی ئێرانیش پێشتر ئاگاهییەکی داوە سەبارەت بە هەر کشانەوەیەک لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015، ئەوا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باجێکی گەورەی لەسەر دەدات. حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئێران چەند ڕۆژێک بەر لەو وتارەی دانۆڵد ترامپ هەمان ئەو ئاگاهیەی دووبارە کردەوە.
پەیامەکان توندن بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام وەک شیکەرەوە ئاماژەی پێدەکەن، پێویستە گەلانی ئێران و لایەنەکانی ئۆپزسیۆنی وڵاتەکە بە ئۆپزسیۆنی کوردیشەوە ئەو پەیامانە بەکاربهێنن هەر هیچ نەبێت خۆ ڕێکخستنەوەیان لەو پەرش و بڵاوی و پەڕتەوازەییەی تیایدان.
بەڵام ئایا ئۆپزسیۆنەکانی ئێران ئەم جۆرە هەنگاوە دەنێن؟ هەتا ئێستا هیچ ئاماژەیەک دیارنییە سەبارەت بەوەی هەنگاوی داهاتووی ئەم ئۆپزسیۆنە چی دەبێت و چۆنیش دەبێت، بەڵام دەنگ لە ئارادان لەناو ئەم ئۆپزسیۆنەدا کە پێویستیان بە نزیک بوونەوەی زیاترە لە نێوەندە بڕیاربەدەستەکانی واشنتۆن بۆ هەر هیچ نەبێت جوڵاندنێکی دۆسێکەیان بۆ ئازادی و دیموکراسی لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا.
ئەی چی لە ئەستۆی ئۆپزسیۆنی کوردیە؟ لایەنەکانی ئۆپزسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵات لە ڕەوشێکدان ئیرەییان پێ نابرێت. بۆچی؟ لە کاتێکدا ئۆپزسیۆنی ئێرانی ململانێکانی تەنها لەگەڵ ڕژێمی کۆماری ئیسلامیدایە، بەڵام ئۆپزسیۆنی کوردی وێڕای ئەو ململانێیانەی لەگەڵ ڕژێمی سەرکوتکاری وڵاتەکەدا هەیەتی، پێویستیشی بە ململانێ هەیە لەگەڵ ئۆپزسیۆنی ئێرانیدا، وەک زۆرێک لە سیاسەتمەدارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن ئەم ئەرکەیان هیچی کەمتر نییە لەو ململانێیەی لەگەڵ تاراندا هەیە.
ئایا پاش وتارەکەی سەرۆکی ئەمریکا لە یو ئێن، ئۆپزسیۆنەکانی ئێران دەبنە خاوەنی بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ ئایندەی ئێران؟
ئایا لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چییان لە ئەستۆیە بۆ لەمەودوا؟
ئایا کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی هاوڕا دەبێت لەسەر دۆسێی بەرەنگاربوونەوەی ئێران؟
ئایا ئێران دەستبەرداری بەرنامە ناوکییەکەی دەبێت؟
ئایا ئۆپزسیۆنەکانی ئێران دەتوانن ببنە متمانە لای گەلانی ئێران؟
(عومەر ئێلخانیزادە) لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5