ئەمەریکا هەناردەکان بۆ ئەو کۆمپانیایانەی ئێران سنووردار دەکات کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا بەرهەم دەهێنن

وەزارەتی ئابووری ئەمەریکا وتی ئەمەریکا کۆتوبەندی نوێی سەپاندووە بەسەر حەوت لایەنی ئێرانیدا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو لایەنانە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا دروست دەکەن تاوەکو مۆسکۆ دژی ئۆکرانیا بەکاری بهێنێت.

لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، ئەمەریکا و 30 وڵاتی دیکە هەوڵیانداوە پیشەسازی سەربازیی ڕووسیا لاواز بکەن، ئەوەش لە ڕێی قەدەغەکردنی هەناردەکردنی تەکنەلۆجیاکانەوە بۆ ئەو وڵاتە.

ئەو لایەنە ئێرانییانەی سزایان بەسەردا سەپێندراوە بریتین لە کۆمپانیاکانی دیزاین و دروستکردنی بزوێنەری فڕۆکەکان و هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی ئێران و ڕێکخراوی توێژینەوە و جیهادی سوپای پاسدارانی ئێران و کۆمپانیای ئۆجی پارڤاز مادۆ نافار و کۆمپانیای پاراڤار پارس و پیشەسازی قودس و پیشەسازییەکانی فڕۆکەوانی شاهید.

هەر هەناردەکردنێکی شتومەک و تەکنەلۆجیا بۆ ئەو لایەنانە پێویستی بە مۆڵەت دەبێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت مۆڵەت نەدرێت بۆ ئەو هەناردەکردنانە، جگە لە خۆراک و دەرمان.

نێردەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی " سزاکان هیچ کاریگەرییەکیان نیە لەسەر بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، چونکە سەرجەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێندرێن. ئەمە ئاماژەیەکی بەهێزە لەسەر ئەوەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی لە ئۆکرانیا خراونەتە خوارەوە ئێرانی نین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز