وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەسەر فشارەکانی سەر ئێران کردەوە و دەڵێت شۆڕشی ئیسلامی ئێران و داعش گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
مایک پەمپـێیۆ ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ ئەیمەن ئەلسەفەدی هاوتا ئوردنیـیەکەی لە عەممانی پایتەخت گوتیشی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران وەک جاران چالاکن، وە زۆر گەشبینە بەوەی ئەوە بەردەوامبێت و زیاتریش دەبێت.
وەزیری دەرەوە جەختی کردەوە کە لە ڕۆژان و هەفتەکانی داهاتوو فشارەکان لەسەر ئێران دوو هێندە دەکرێن نەک تەنیا لە بواری دیپـلۆماسی، بەڵکو لە بواری بازرگانیش، ئەمەش تاوەکو فشارێکی ڕاستەقینە بخرێتە سەر تاران و لە ئەنجامدا ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بە ئامانجەکانیان بکەن کە بریتیە لەوەی ئێران وەک وڵاتێکی ئاسایی ڕەفتاربکات.
گوتیشی بڕیاری سەرۆک ترامپ بۆ کشانەوە لە سوریا کاریگەری نابێت لەسەر فشارەکانی سەر ئێران یان بڕیاری شکستهێنان بە داعش.
وەزیری دەرەوەی ئوردن لای خۆیەوە گوتی" هەموومان کێشەمان لەگەڵ سیاسەتە پاوانخوازییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا هەیە."
بەپـێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، مایک پەمپـێیۆ لە پاش ئوردن سەردانی میسر و بەحرەین و قەتەر و سعودیـیە و عومان و کوەیت دەکات. کۆشکی سپی دەشڵێت ڕەنگە سەردانی بەغداش بکات.