شەوی رابردوو، سەربازگەی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین موشەک بارانکرا، کە ئەو سەربازگەیە هێزی ئەمەریکی و عێراقیشی تێدایە و بەو هۆیەوە ژمارەیەک سەربازی عێراقی برینداربوون.
هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر سەربازگەی بەلەد، مایک پەمپێیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای هێنایە دەنگ و لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە داوای لە حکومەتی عێراق کرد ئەو کەسانە سزابدات کە لە هێرشەکە بەرپـرسن. وتیشی پـێشێلکردنی سەروەری عێراق لەلایەن گروپەکانی سەر بە حکومەتی عێراق نین بەردەوامە.
حەسەن محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، بە دەنگی ئەمەریکای وت"قەزای بەلەد قەزایەکی شیعەنیشینی پارێزگای سەڵاحەدینە، سەربازگەکەش دەکەوێتە نێو فڕۆکەخانەی بەلەدەوە و هێزی ئەمەریکی و عێراقیشی تێدایە."
بەپێیڕاگەیەنراوێکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، هەشت موشەک ئاڕاستەی بنکەی سەربازی بەلەد کراوە، بەو هۆیەوە 2 ئەفسەر و 4 سەربازی عێراقی برینداربوون.
حەسەن محەمەدی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، وتی"دەستەی حەشدی شەعبی لە قەزای بەلەد دەسەڵاتدارە، دوو نوێنەریان لە نێو ئەنجومەنەکەی ئێمە هەیە کە سەربە رێکخراوی بەدرن."
هێرشەکەی سەر سەربازگەی بەلەد هاوکاتە لەگەڵ گرژیەکانی نێوان ئەمەریکا و هێزە شیعیەکان لە عێراق، بەتایبەت ماوەیەکە بەرپرسانی ئەو هێزانە هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە ئەمەریکیەکان دەکەن.
نازم کەهیە بەرپرسی پارتی تورکمانی سەربەخۆ کە بارەگای حیزبەکەی لە ناحیەی تازە خورماتووی باشوری کەرکوکە و نزیکایەتی لەگەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبی هەیە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"وەزعی عێراق ناسکە و حەشدی شەعبی ئەو جۆرە کارانە ناکات."
وتیشی"ئەو موشەک بارانکردنە ئیشی لایەنی سێیەمە کە ئاخوندەکانە، بەتایبەت ئێستا وەزعی عێراق بەشێوەیەک ئالۆزبووە، دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و لایەنی حوکمڕان لەیەکتری جیا ناکرێنەوە."
Your browser doesn’t support HTML5