وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا عێراقیـیەکەی ئەنجام دەدات

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا یەکەم پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا عێراقیـیەکەی ئەنجام دا و سەرەخۆشی لێکرد بۆ هێرشە تێرۆستیـیەکانی هەفتەی ڕابردووی بەغدا و پارێزگای سەڵاحەدین، ئەوانەی داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لێ ڕاگەیاندن.

نێد پـرایس گوتەبێژی ئۆفیسی وەزیری دەرەوە لە ڕاگەیاندنێکدا ئەمڕۆ پـێنجشەممە گوتیشی ئەنتۆنی بلینکن و فوئاد حسێن لە پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنیدا وتووێژیان کرد لە بارەی وتووێژی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات، وە سەرلەنوێ جەختیان کردەوە سەر ئەو بنەمایانەی هەردوو وڵات لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ستراتیژی لەسەری ڕێکەوتوون.

بلینکن هانی وەزیری دەرەوە و حکومەتی عێراقی دا بەردەوامبن لە هەوڵەکانیان بۆ بەدیهێنانی داخوازیـیەکانی خەڵکی عێراق لە پـێناو وڵاتێکی زیاتر یەکسان و دادپەروەر.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پشتیوانی حۆی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پـێشوەخت لە ئەمساڵدا. بەڵێنیشی دا بەردەوامبێت لەکارکردن لەگەڵ وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن بۆ چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشە ئابوریـیەکانی ڕووبەڕووی عێراق دەبنەوە لەم کاتەی پەتای کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە. هەروەها بەڵێنی دا یارمەتی عێراق بدات لە جێبەجێکردنی چاکسازیـیە بنەڕەتیـیەکانی ئابوری و پتەوکردنی پەیوەندیـیە بازرگانیـیەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق لە پـێناو بەرژەوەندی هەردوو وڵات.

وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش ڕایگەیاند وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیوەندیـیە تەلەفۆنیەکەدا گوتویەتی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک بایدن بە توندی لە پاڵ حکومەت و خەڵکی عێراق دەبێت لە شەڕی دژی تێرۆردا.

وەزیری دەرەوەی عێراق لای خۆیەوە باسی لە گرنگی ئەنجامدانی وتووێژی نێوان هەردوو وڵاتی کردووە و هەروەها گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی ڕوون لە پەیوەندیـیەکانی نێوان بەغدا و واشنتن لە چوارچێوەی پتەوکردنی پەیوەندیـیەکان و بەرژەوەندی خەڵکی هەردوو وڵات.