ئەمەریکا و عێراق بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە لە بارەی سێیەم وتووێژی ستراتیژی نێوانیان کە یەکەم وتووێژبوو لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک جۆو بایدن ئەنجام بدرێت.
هەردوو وەزارەتی دەرەوەی عێراق و ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە دەقی بەیاننامەکەیان بڵاوکردەوە کە بە سەرپەرشتی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە ڕێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بەڕێوەچوو. هەروەها نوێنەرانی هەرێمی کوردستانیش لە وتووێژەکەدا بەشداربوون.
بەپـێی شارەزایانی سیاسی، گرنگترین بەشی بەیاننامەکە لە بارەی چارەنووسی هێزە شەڕەکەرەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بووە لە عێراقدا.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، هەردوو وڵات دووپاتیانکردووەتەوە بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق بووە بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە هێزە ئاسایشیـیەکانی عێراق لە شەڕی دژی داعشدا.
دەشڵێت لەسەر ڕۆشنایی بەرەوپـێشچوونی توانای هێزە ئاسایشیـیەکانی عێراق هەردوولا گەیشتنە ئەوەی ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە ئێستادا گۆڕاوە بۆ مەشقوڕاهێنان و ڕاوێژکاری، ئەمەش ڕێگەدەدات بە ناردنی هێزە شەڕکەرەکانی لە وڵاتەکەدا ماونەتەوە بۆ دەرەوەی عێراق. بەڵام دەشڵێت دەبێت هەردوولا لە کۆبوونەوەی تەکنیکی داهاتوویاندا ڕێکبکەون لەسەر کاتی کشانەوەی هێزەکان.
حکومەتی عێراق لای خۆیەوە پابەندبوونی خۆی دووپاتکردووەتەوە بە پاراستنی (کەسان و کاروان و شوێنی دیپـلۆماسی وڵاتانی هاوپەیمانانان). هەردوو وڵات جەختیشیان لەوە کردەوە ئەو بنکانەی کەسانی هاوپەیمانانیان تێدایە بنکەی عێراقین و بوونی ئەوان تەنیا بۆ پشتیوانیکردنە لە هەوڵەکانی عێراق لە شەڕی دژی داعشدا. هەردوو وڵات بەنیازن بەردەوامبن لە وتووێژەکانیان لە ڕێگەی کۆمیتەیەکی لەشکری هاوبەش بۆ مسۆگەرکردنی ئەوەی کارەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی یەکدەگرنەوە لەگەڵ پـێداویستیـیەکانی هێزە ئاسایشیـیەکانی عێراق بە هێزەکانی پـێشمەرگەشەوە.
هەردوولا جارێکی دیکە جەختیان لەسەر گرنگی پەیوەندیـیە پتەوەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە کە بە قازانجی خەڵکی عێراق و ئەمەریکایە. هەروەها ئەمەریکا جارێکی دیکە ڕێزگرتنی خۆی دووپاتکردووەتەوە بۆ سەروەری عێراق و سەلامەتی خاکەکەی و بڕیارە پەیوەندیدارەکانی لەلایەن هەردوو دەسەڵاتی تەشریعی و جێبەجێکرای عێراق دەرچوون.
هەردوو شاند تاووتوێی گرفتەکانی پەتای کۆرۆناشیان کرد و جەختیان لەسەر گرنگی هاوکاری نێوان هەردوو وڵات کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتا جیهانیـیە. ئاماژە بۆ هاوکاریـیەکانی ئەمەریکا لەم بارەیەوە کراوە، لەوانە لە ڕووی دارایی و دابینکردنی ئامێر و کەلوپەل بۆ تاقیگە پـزیشکیـیەکانی عێراق و ڕاهێنانی عێراقیـیەکان لەسەر چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاکە.
لە بارەی کەرتی وزەش وتووێژکراوە. ئەمەریکا پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانی عێراق دەربڕی بۆ چاکسازی لە کەرتی وزەدا بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەی بڕینی تەزووی کارەبا. پشتیوانیش لە بڕیاری عێراق کرا بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزەی کارەبا لە ڕێگەی پتەوکردنی پەیوەندیـیەکانی لەگەڵ ئوردن و وڵاتانی ئەندامی هاریکاری کەنداو، وە هەنگاونان بۆ جێبەجێکردنی بەستنی تۆڕەکانی وزەی کارەبا.
باسیشیان لە چۆنیەتی هاوکاریکردنی عێراق لەلایەن دەزگا زانستیـیەکانی ئەمەریکا کرا بە ئامانجی باشترکردنی بەڕێوەبردن و پاراستنی سامانە سروشتیـیەکانی وڵاتەکە، لەوانە سەرچاوە ئاویـیەکان.
لەبارەی پەیوەندیـیەکانی بەغدا و هەولێر، ئەمەریکا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر ئەو بەرەوپـێشچوونەی بەدەستهاتووە لە پەیوەندیـیەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بوجە و وزە و بابەتی دیکەی ستراتیژی.
جارێکی دیکە ئەمەریکا جەختی کردەوە سەر ڕێزگرتنی لە سەروەری عێراق و سەلامەتی خاکەکەی و ئازادی ڕادەربڕین کە دەستوری عێراق مسۆگەری کردووە. هەردوو شاند باسیان لەوە کرد کە چۆن ئەمەریکا دەتوانێت بە باشترین شێوە پشتیوانی لە حکومەتی عێراق بکات لەمەڕ پاراستنی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز و چالاکوانانی سیڤیل و ئەنجامدانی لێپـرسینەوەی دادوەری. عێراق لای خۆیەوە خۆشحاڵی دەربڕی لە بەرامبەر ئەو پشتیوانیانەی ئەمەریکا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەکات لە ڕێگەی کۆمەکردنی شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق.
لە بەشێکی بەیاننامەکە، ئەمەریکا سووربوونی خۆی لەسەر پشتیوانیکردنی عێراق دووپاتکردووەتەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری بەردەوام بۆ ئاوارەکان هەتا بە خواستی خۆیان و پارێزراوانە و شکۆمەندانە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان، هەروەها پێشکەشکردنی یارمەتی بۆ ئەو خەڵکەی داعش کردنیە ئامانج بە مەبەستی جینۆسایدکردنیان.
هەردوو وڵات خواستی خۆیان دەربڕی بۆ هاوکاری زیاتر لە بواری دادوەری، گەڕاندنەوەی سەروەت و سامانە دزراوەکان، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
لە بەشێکی وتووێژەکەدا، باس لە خوێندنی باڵا و هاوکاری زانستی و ڕۆشنبیری بۆ عێراق کرا کە چۆن ئەمەریکا پشتیوانی لە هەوڵەکانی عێراق بکات بۆ بەهێزکردنی خوێندنی باڵا بە یارمەتی زانکۆ ئەمەریکایـیەکان لە ڕێگەی بەرنامەی فولبرایت.