بایدن بۆ کازمی: لە ماوەی دووهەفتەدا ڤاکسینی کۆرۆنا دەگەیەنین بۆ عێراق، هێزی شەڕکەری ئەمەریکی ناهێڵین

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند لە ماوەی دوو هەفتەدا نزیکەی نیو ملیۆن پێکوتە یاخود ڤاکسینی کۆرۆنا لە ئەمەریکاوە دەگاتە عێراق.

گوتەکەی بایدن لەمیانی کۆبوونەوەیەکیدا هات لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق موستەفا کازمی لە کۆشکی سپی. لەبارەی ڤاکسینەکانەوە، بایدن بە پێکەنینەوە ڕووی دەمی کردە کازمی و گوتی، "پێیان گوتم کە بە تۆیان ڕایگەیاندووە ماوەیەکی پێدەچێت تا دەگەن. دوو هەفتەی دیکە دەگەن. بەخێرایی دەگەنە ئەوێ."

ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی نێوان بایدن و کازمی بوو لە کۆشکی سپی. سەردانەکەی کازمی لە کاتێکدایە کە لە عێراق هێرشی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر پێگەکانی ئەمەریکا لە ڕووی چەندێتی و چۆنیەتییەوە زیادیانکردووە.

جاران گروپە چەکدارەکان— کە بە گشتی پێیاندەگوترێت حەشدی شەعبی – رۆکێتی کاتیوشایان بەکاردەهێنا بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق. تەنانەت ئەوە چەند مانگێکە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیش بەکاردەهێنن.

دوو ڕۆژ پێش ئێستا، کەمێک دوای گەیشتنی شاندی عێراق بۆ واشنتن، لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر پێگەی هێزەکانی ئەمەریکا لە هەولێر بەڵام بەپێی گوتەبێژی هاوپەیمانان دژی داعش، کۆلۆنێڵ واین مارۆتۆ ، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە.

کۆتایی ئەمەریکا وەک هێزێکی شەڕکەر

پسپۆڕان دەڵێن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دەکرێت وردتر بێت و زیانی زیاتر بگەیەنێت بەبەراورد بە ڕۆکێت کە لە دووەرەوە دەهاوژێرێت.

بایدن روونیکردەوە کە ئەمساڵ ڕۆڵی ئەمەریکا وەکو هێزێکی شەڕکەر لە عێراق کۆتای دێت، پەیامێک کە پسپۆڕان دەڵێن لە واقیعدا کاریگەرییەکی ئەوتۆ دروست ناکات و بڕیارێکی سیمبوڵییە بۆ پاڵپشتیکردنی کازمی لەبەرامبەر فشاری دژە ئەمەریکییەکان لە وڵاتەکەی.

بایدن گوتی، "ئامادە دەبن بۆ بەردەوامی دان بە ڕاهێنان و هاریکاری [هێزە عێراقیەکان] و ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە کاتی سەرهەڵدانی دا."

لای خۆیەوە، سەرۆک وەزیران کازمی دووپاتیکردەوە لەسەر هاوپەیمانێتی و "هاوبەشی ستراتیژی" نێوان عێراق و ئەمەریکا بە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندیەکان لەسەر بنەمای "بەرژەوەندی هاوبەش."

کازمی بە زمانی ئینگلیزی قسەیکرد و گوتی، "خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ من لە واشنتم بۆ تاوتێکردنی داهاتووی پەیوەندیەکانی نێوانمان و چونیەتی پەرەپێدانیان. ئەمەریکا یارمەتی عێراقی دا. بەیەکەوە شەڕی داعش مان کرد و تێکمانشکاند. دەمەوێت بەناوی هەموو خەڵکی عێراقەوە سوپاسی خەڵکی ئەمەریکا بکەم. "

فراوانترکردنی پەیوەندییەکان

ڕۆژی هەینی عێراق و ئەمەریکا بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە دەریدەخات هەردوو وڵات پەیوەندییەکانی نێوانیان، کە چەندین ساڵە ئاسایش بەسەریدا زاڵە، فراوانتردەکەن و واشنتن بەڵێنیدا کە لە کەرتەکانی دیکەی وەکو تەندروستی و پەروەردە هاوکاری زیاتری بەغدا بکات.

بەیاننامەکە دەڵێت ئەمەریکا بەهای دەیان ملیۆن دۆلار کۆمەک لە بوارەکانی تەندروستی، مرۆیی، ژینگە، پەرەوەردە و ئابووری پێشکەش بە عێراق دەکات.

بەیاننامەکە هەروەها دەڵێت، "ئەمریکا بری 155 ملیۆن دۆلار کۆمەکی مرۆیی بۆ دابینکردنکردنی پەناگە، تەندروستی، خۆراک، ئاو، خزمەتگوزاری پاکژی لەسەراپای عێراقدا دابیندەکات."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن، لە بەیاننامەیەکدا گوتی، "بەم کۆمەکە داراییەوە کە وەزارەتی دەرەوە و ئاژانسی ئەمەریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ( USAID ) دابینیکردووە ، پاڵپشتی مرۆیی ئەمەریکا لە ساڵی 2021 بۆ عێراق یەکسانە بە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار. لە ساڵی 2014 ەوە ئەمەریکا زیاتر لە 3 ملیار دۆلاری لە هاوکاری مرۆیی لە عێراق و بۆ عێراقییەکان لە ناوچەکە دابین کردووە ."

بەیاننامە هاوبەشەکەی نێوان واشنتن و بەغدا ئەوەشی زیادکرد کە ئەمەریکا بڕی زیاتر لە ملیۆن دۆلار تەرخان دەکات بۆ بوونیاتنانەوەی زانکۆکانی پارێزگای نەینەوا کە بەهۆی شەڕی دژی ڕێکخراوی توندڕەوەی داعشەوە خاپوور بوون.