دوو پیاو لە فلۆریدا دانیپێدادەنێن کە پلانیان داناوە بۆ یارمەتیدانی داعش

وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕایگەیاند دوو پیاو دانیانناوە بەوەدا کە یارمەتی ماددیی داعشیان داوە و پلانیان داناوە بڕۆن بۆ سوریا و بچنە ناو ڕێکخراوی داعشەوە.

وە دوو پیاوەکە خەڵکی ئەمەریکان و دانیشتووی پاڵم بیچن.

هەردووکیان داین ئانتانی کریستیانی 32ساڵ و دارین ئارنیس جاکسنی تەمەن 51ساڵ دانیان بەوەدا ناوە کە یارمەتی داعشیان داوە و جاکسن ڕۆژی سێشەممە دانی بە تاوانەکەدایدا ناوە لەکاتێکدا کریستیان هەفتەی پێشوو دانی پێدا ناوە، وە هەردووکیان لەبەردەم دادوەر ڕۆبن ڕۆزنبێرگدا لە دادگا دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە.

هەردووکیان ڕووبەڕووی سزای زیندانی بوونەتەوە بۆ ماوەی بیست ساڵ ئەگەر تاوانبار بکرێن، هەروەها کریستیان دانیشی بەوەدا ناوە کە چەکی پێبووە و بۆ ماوەی دە ساڵ زیندانی دەکرێت ئەگەر تاوانبار بکرێت بەو تۆمەتە.

شایەنی باسە دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ( ئێف بی ئای) ئەو دوو پیاوە دەستگیرکرد لەگەڵ هاوەڵەکەیاندا بە ناوی گریگۆری هۆبارد دوایئەوەی جاکسن لە مانگی حەوتی ساڵی پێشوودا بە ئوتومبێلێک بریکارێکی ئێف بی ئای و هۆباردی گەیاندە فڕۆکەخانەی میامی بۆ ئەوەی گەشت بکەن بۆ ئەڵمانیا.

تۆمارەکانی دادگا ئاماژە بەوە دەدەن کە هۆبارد تکتی فڕۆکەی کڕیوە بۆ ئەڵمانیا و ویستوویەتی لەوێوە بە شەمەندەفەر بچێت بۆ تورکیا و دواتر بچێتە ناو سوریاوە بۆ ئەوەی بچێتە ناو داعشەوە.

سەرچاوە / ڕۆیتەرز