بلینکن دەڵێت فراوانکردنی نیشتەجێیەکانی ئیسڕائیل بەربەستن لەبەردەم ئاشتیدا

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن بەڵێنی پابەندبوونی وڵاتەکەی دا بە ئاسایشی ئیسرائیل و چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ ململانێکەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان، بەڵام وتی فراوانکردنی نیشتەجێی جووەکان بەربەست دەبن لە بەردەم ئاشتیدا.

بلینکن لە ماوەی وتارێکیدا لە کۆنفرانسی کۆمیتەی پەیوەندییە گشتییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل، وتی هەنگاوەکان بۆ لکاندنی کەناری ڕۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە یاخود تێکدانی دۆخی هەنووکەیی لە شوێنە پیرۆزەکاندا زیان بە ئاسۆکانی چارەسەری دوو دەوڵەت دەگەیەنێت.

بلینکن وتی " فراوانکردنی نیشتەجێیەکان بە ئاشکرا بەربەستن لە بەردەم ئەو هیوایەی کە ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین."

وتیشی هەر هەوڵێک بۆ لکاندنی کەناری ڕۆژئاوا بە ئیسرائیل و تێکدانی دۆخی هەنووکەیی مێژوویی شوێنە پیرۆزەکان و بەردەوامیدان بە ڕووخاندنی ماڵەکان و گواستنەوەی ئەو خێزانانەی کە بۆ چەندین نەوەیە لەو ماڵانەدا ژیاون، زیان بە ئاسۆی چارەسەری دوو دەوڵەت دەگەیەنن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز