بلینکن: ڕەنگە ئەمەریکا یارمەتییەکی سەربازیی نوێ بۆ ئیسڕائیل ڕابگەیەنێت

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕایگەیاند ئەمەریکای هاوپەیمانی نزیک و گەورەترین هەناردەکاری چەک بۆ ئیسڕائیل، ڕەنگە دواتر لە ڕۆژی یەکشەممەدا یارمەتییەکی سەربازیی نوێ بۆ ئیسڕائیل ڕابگەیەنێت، ئەوەش دوابەدوای هێرشەکەی حەماس دژی ئەو وڵاتە.

بلینکن بە سی ئێن ئێنی وت " تاوتوێی چەند داواکارییەکی دیاریکراوی دیکەی ئیسڕائیل دەکەین. پێم وایە دواتر لەمڕۆدا وردەکاری زیاتر لەوبارەیەوە دەبیستن."

وتیشی " فەرمانەکەی سەرۆک جۆو بایدن ئەوەیە کە دڵنیاببینەوە لەوەی ئیسڕائیل هەرشتێکی بوێت لەم کاتەدا بۆی دابین بکەین، ئەوەش لە پێناو مامەڵەکردن لەگەڵ هێرشەکانی حەماسدا."

ئۆفیسی ڕاگەیاندنی حکومەتی ئیسڕائیل ڕایگەیاند بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە زیاتر لە 600 کەس لە ئیسڕائیل کوژراون، هاوکات بەرپرسانی غەزە دەڵێن لانیکەم 370 کەس کوژراون و هەزاران کەسی دیکەش لە هەردوولا بریندار بوون.

بلینکن وتی " هەواڵمان پێگەیشتووە لەسەر ئەوەی چەند هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی کوژراون. هەوڵ دەدەین ئەو هەواڵانە پشتڕاست بکەینەوە. لە هەمان کاتیشدا هەواڵ هەن لەسەر بێسەروشوێنبوونی ئەمەریکاییەکان. دووبارە لەسەر ئەوەش هەوڵ دەدەین ئەو هەواڵانە پشتڕاست بکەینەوە."

بلینکن بە کەناڵی ئەی بی سی وت " ئەمە هێرشێکی تیرۆریستی گەورەیە کە تێیدا هاووڵاتیانی سڤیلی ئیسڕائیل لە شارەکانییاندا دەکوژرێن، لە ماڵەکانیاندا دەکوژرێن، هەر وەکو چۆن بینیشمان، خەڵکەکە لەسەر سنووری غەزە ڕادەکێشرێن."

وتیشی " لەبەرئەوە دەتوانیت بیهێنیتە بەرچاوت کاریگەرییەکانی ئەمە چۆن دەبێت لەسەر سەرانسەری ئیسڕائیل. جیهانیش دەبێت دژی ئەوەی بینیویەتی بوەستێتەوە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس