سوپای ئەمەریکا دەڵێت ڕۆژی هەینی هێرشێکی ئاسمانی لە سوریا ئەنجام داوە و سەرکردەیەکی باڵای گروپێکی سەر بە ئەل قاعیدەیان کوشتووە.
سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە هێرشە ئاسمانییەکە ئەبو عەبدلڕەحمان ئەل مەکی سەرکردەی باڵای گروپی چەکداریی حوراس ئەل دینی سەر بە ئەل قاعیدەی کردووەتە ئامانج.
وتی " هێزەکانی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا سەرکردەی حوراس ئەل دین ئەبو عەبدلڕەحمان ئەل مەکییان لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە سوریا کوشتووە. ئەبو عەبدلڕەحمان ئەل مەکی ئەندامی ئەنجومەنی شورای حوراس ئەل دین بووە و سەرکردەیەکی باڵا بووە کە بەرپرس بووە لە سەرپەرشتیکردنی ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکان لە سوریا."
جەنەڕاڵ مایکڵ ئێریک کوریلای فەرماندەی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا وتی " سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پابەندبوون بە شکستهێنان بەو تیرۆریستانەی کە لە ناوچەکانی ژێر بەرپرسیارێتی سەرکردایەتی ناوەنددان و مەترسین لەسەر ئەمەریکا و هاوپەیمان و هاوبەشەکانی و هەروەها سەقامگیری ناوچەکەش."
حوراس ئەل دین هێزێکی سەر بە ئەل قاعیدەیە لە سوریا کە هەمان فیکری ئەل قاعیدەی هەیە بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز