سوپای ئەمەریکا تاوەکو ناوەڕاستی مانگی نۆ داوا لە سەربازانی وڵاتەکە دەکات ڤاکسین وەربگرن.
وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن لە پەیامێکدا بۆ سەربازانی ئەمەریکا وتی هەوڵی ئەوە دەدات سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن فەرمانی ناچارکردنی سەربازەکان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین پەسەند بکات.
لە پەیامەکەیدا داوای لە هێزەکان کرد ئامادەکاری بکەن و وتی " ئەگەر هەست بکەم پێویست بکات، ئەوا دودوڵ نابم لەوەی پێشنیاری ڕێوشوێنێکی دیکە بۆ سەرۆک بکەم."
ڕۆژی دووشەممە بایدن لە بەیاننامەیەکدا وتی پشتیوانی لە پەیامەکەی ئۆستن دەکات، ئاماژەی بەوەدا " وەرگرتنی ڤاکسین سەربازەکانمان تەندروست دەکات تاوەکو بتوانن باشتر پارێزگاری لە خێزانەکانیان بکەن و دڵنیا ببنەوە لەوەی هێزەکانمان ئامادەن لە هەرشوێنێکی جیهاندا کاربکەن."
سوپای ئەمەریکا دەڵێت نزیکەی نیوەی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە بەتەواوەتی ڤاکسینیان وەرگرتووە. هێزی ئاسمانی وڵاتەکەش دەڵێت زیاتر لە سەدا 65 ی هێزەکانیان لانی کەم نیوەی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە. هێزی دەریاییش زیاتر لە نیوەی سەربازەکانی ڤاکسینیان وەرگرتووە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا