لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ڕۆژنامەوانان سەنگییان خستووەتە سەر ئەوەی چۆن پارێزراو بن

لە مانگی نۆدا کۆمەڵێک ڕۆژنامەوان لە باڵەخانەیەکی دەرەوەی واشنتندا کۆبوونەوە، هەندێکییان ڕۆژنامەنووسی بە ئەزموون بوون و هەندێکیشیان هێشتا خوێندکار بوون، بەڵام هەموویان لەوێ بوون بۆ ئەوەی فێر ببن چۆن بە پارێزراویی بمێننەوە کاتێک ڕووماڵی خۆپیشاندانەکان و پشێوییەکان دەکەن.

ڕاهێنانەکە لەلایەن دامەزراوەی میدیای نێودەوڵەتی ژنانەوە ڕێکخرابوو، هەروەها بەشێک بوو لە کەمپینێکی نیشتیمانی بۆ فێرکردنی ڕۆژنامەنووسان لە ئەمەریکا لەسەر چۆنێتی مانەوەیان بە پارێزراویی لە کاتی کارکردندا، بەو کاتانەشەوە کە ڕووماڵی کەمپینی هەڵبژاردنەکان دەکەن.

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، دامەزراوەی میدیای نێودەوڵەتی ژنان ڕاهێنانی بە زیاتر لە 620 ڕۆژنامەنووس کردووە لە سەرانسەری 13 ویلایەتدا.

بەڕێوبەری جێبەجێکاری دامەزراوەکە ئێلیسا لیس مونۆز بە دەنگی ئەمەریکای وت " ئەم ڕاهێنانی پارێزراوییە بە ڕاستی چاو کردنەوە بووە، بە داخەوە ئەوەی دەیبیستین زۆر مەترسیدارە و تەنها پەیوەندی بە ڕووماڵکردنی هەڵبژاردنەکانیشەوە نیە. ئەوەی کە تا دێت زیاتر لێی تێدەگەین ئەوەیە کە هەموو بابەتێک لە ئەمەریکا بووەتە بابەتێکی جەمسەرگیری، بەهۆی ئەوەشەوە بووەتە بابەتێکی مەترسیدار."

لەم ساڵدا دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان لە ئەمەریکا سێ هێندە زیاتر بووە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا، ئەمەش بەپێی چاودێریکاری ئازادی ڕۆژنامەگەری ئەمەریکا. هەروەها ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە هێرش کراوەتە سەرییان زۆر زیاتر بووە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا.

کریستین مککودین لە چاودێریکاری ئازادی ڕۆژنامەگەری ئەمەریکا لە ئۆفیسی گروپەکە لە بڕۆکلین بە دەنگی ئەمەریکای وت " ڕۆژنامەنووس دەبینین کە هێشتا ڕۆژانە کۆشش دەکات بۆ مافی خۆی بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری. ئەوەش زۆر مەترسیدارە."

زۆربەی حاڵەتەکان لە ماوەی خۆپیشاندانەکانی لایەنگری فەلەستینییەکاندا ڕوویانداوە. لە حاڵەتێکدا وێنەگرەکان لە مانگی هەشتدا لە شیکاگۆ دەستگیر دەکرێن لە کاتێکدا کە ڕووماڵی خۆپیشاندانێک دەکەن لە دەرەوەی کۆنگرەی نیشتیمانی دیموکراتەکان.

بەڕێوبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی ئازادی ڕۆژنامەگەری تریڤۆر تیم وتی " بەڕێوبەرایەتی پۆلیس هەست دەکات ئەو دەسەڵاتەیان هەیە بۆ پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەنووسان. دواتر ئەوەی کە ڕوودەدات ئەوەیە کە دەزگای زیاتری پۆلیس قورستر سەرکوتکاری دەکەن."

چەند شرۆڤەکارێک دەڵێن لە کاتێکدا کە ئازادی ڕۆژنامەگەری زۆر جار پرسێکی ناوخۆییە، لە هەمان کاتیشدا ئەوەی کە بەربژێرەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەیڵێن و باس لەوە دەکەن کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا دەکەن گرنگە.

کەمپینی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕەخنەی لێگیراوە لەسەر جۆرە هێرشێک دژی میدیاکان، ئەمەش بەپێی ئەو شرۆڤەکارانەی کە قسەیان بۆ دەنگی ئەمەریکا کردووە.

ژینگە خراپەکە بۆ ڕۆژنامەنووسان لە کاتێکدایە کە متمانە بە میدیاکان لە ئەمەریکا لە ئاستێکی زۆر نزمدایە، ئەمەش بەپێی گالوپ. هێرشکردنە سەر میدیاکان یاخود لێدوانی توند دژییان تەنها دۆخەکە خراپتر دەکات.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا