ئەمەریکا فشارەکان زیاتر دەکات لەسەر چین بۆ ئەوەی سزاکان بەسەر کۆریای باکووردا بسەپێنێت

باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیکی هەیڵی وتی ئەمەریکا فشارەکان زیاتر دەکات لەسەر چین بۆ ئەوەی دڵنیا بێتەوە لەوەی چین سزاکان بەسەر کۆریای باکووردا بسەپێنێت دوای ئەوەی پیۆنگیانگ موشەکێکی تری تاقیکردەوە.

هەیڵی وتی لەکاتێکدا ئەمەریکا دەیەوێت خۆی لە کێشە بەدووربگرێت، بەڵام سوورە لەسەر ئەوەی بەرنامە ناوەکییەکەی کۆریای باکوور بوەستێنێت.

هەیڵی بە تەلەفیزیۆنی سی بی ئێسی هەواڵی وت " ئەو ڕاستییەی کە کۆریای باکوور موشەکی بالیستیکی کیشوەری تاقیکردەوە، ئەوە نەک هەر بۆ ئێمە بەڵکو بۆ زۆرێک لە هاوڕێکانمان لە جیهاندا مەترسیدارە، بۆیە دەبێت بیوەستێنین."

وتیشی " بۆیە بە قورسی شەڕ بۆ ئەمە دەکەین. فشارێکی زۆر دەکەین نەک تەنها بۆ سەر کۆریای باکوور بەڵکو ئەو وڵاتانەش کە یارمەتیدەر نین لە سزاکانی سەر کۆریای باکووردا. وە فشارێکی زۆر دەخەینە سەر چین چونکە لەسەدا 90 ی بازرگانییەکانی کۆریای باکوور لەگەڵ چیندایە، لەبەر ئەوە دەبێت چین زیاتر یارمەتیدەر بێت."

چین گەورەترین هاوپەیمانی کۆریای باکوورە هەروەها گەورەترین هاوبەشی بازرگانییەتی، هەتاکوو ئێستا چین و وڵاتانی تریش سەرکۆنەی تاقیکردنەوە موشەکییەکانی کۆریای باکووریان کردووە و بە پێشێلکردنی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ناودێریان کردووە. بەڵام چین هەتاکوو ئێستا هیچ شتێکی گرنگی نەوتووە سەبارەت بە سزاکانی سەر کۆریای باکوور.

سەرچاوە/ VOA