ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا دەستخۆشی لە هەسەدە دەکات لەسەر کۆنتڕۆڵکردنەوی بەندیخانەکەی حەسەکە

هێزەکانی سوریای دیموکرات

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان بەیاننامەیەکی سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنەوەی بەندیخانەکەی حەسەکە دەرکرد و دەستخۆشی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات " هەسەدە " کرد.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان لە بەیاننامەکەیدا وتی " ئەمەریکا دەستخۆشی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات کە شان بە شانی هێزەکانی هاوپەیمانان ئەرکی کۆنتڕۆڵکردنەوەی بەندیخانەی حەسەکەیان لە سوریا تەواو کرد. بەهۆی ئازایەتی و سووربوونی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە، کە زۆرینەیان قوربانی گەورەیاندا، دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا شکستی هێنا لە ئەنجامدانی هەڵهاتنێکی گەورە و بەرفراوان لە بەندینخانەکە."

وتیشی " دڕندەیی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا لە ماوەی ئەم هێرشەدا دووبارە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بۆچی دەبێت ئەم گروپە ڕێگەی پێنەدرێت دووبارە سەرهەڵبداتەوە و بۆچی دەبێت وڵاتان پێکەوە کاربکەن بۆ تاوتوێکردنی ئەو هەزاران بەندکراوەی دەوڵەتی ئیسلامی کە لە ناوەندە بەش نەبووەکانی گرتندا دەستبەسەرکراون. دەوڵەتی ئیسلامی هێشتا هەڕەشەیەکی جیهانییە و پێویستی بە چارەسەرێکی جیهانیشە."

ئەوەشی خستەڕوو " ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پابەندبوون بە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە عێراق و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و هاوپەیمانێتی بۆ شکست پێهێنانی دەوڵەتی ئیسلامی، ئەوەش لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ سەر وڵاتانمان."