پاکستان هۆشداریی بەرپرسەکەی ئەمەریکا لەسەر بەرنامە موشەکییەکەی بە بێ بنەما ناودەبات

جۆن فاینەر، جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕۆژی شەممە هۆشدارییەکانی بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکای ڕەت کردەوە و بە بێ بنەما ناویبردن، ئەوەش دوای ئەوەی بەرپرسە ئەمەریکاییەکە وتی بەرنامە موشەکییەکەی پاکستان ڕەنگە دواجار ببێتە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەمەریکا.

پێشتر لەم هەفتەیەدا جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن فاینەر وتی پەرەپێدانی موشەکی باڵیستیکی مەودا دوور لەلایەن پاکستانەوە " بووەتە هەڕەشەیەکی نوێ."

لێدوانەکانی فاینەر، کە ڕۆژێک دوای ئەوە هات ئەمەریکا خولێکی دیکەی سزاکانی سەپاندەوە بەسەر بەرنامە موشەکییە باڵیستیکییەکەیدا، تیشکی خستەسەر خراپبوونی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان پەیوەندییەکی زۆر نزیک هەبوو لە نێوانییاندا.

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان سەبارەت بە لێدوانەکانی فاینەر وتی هەستکردن بە هەڕەشە " جێی داخە."

وتی " ئەم بانگەشانە بێ بنەمان، بەتاڵن لە هۆشەکی و هیچ هەستێکی مێژوویی."

وەزارەتەکە وتی توانا ستراتیژییەکان تەنها بۆ بەرگریکردنن لە سەروەری خاکی وڵاتەکە و پاراستنی جێگیریی ناوچەکە، نابێت وەکو هەڕەشەیەک بۆ سەر هیچ وڵاتێکی دیکە سەیر بکرێت.

هەروەها تیشکی خستەسەر مێژووە دوورودرێژەکەی هاریکاریی نێوان پاکستان و ئەمەریکا، بە تایبەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، هەروەها جەختی لە پابەندبوونی خۆی کردەوە بە گفتوگۆکردنەوە بە شێوەیەکی بونیادنەرانە لەسەر سەرجەم پرسەکان، بە پرسی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەشەوە.

پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و پاکستان بەرز و نزمی بەرچاوییان بەخۆیانەوە بینیوە. دوو وڵاتەکە لە ماوەی جەنگی سارد و شەڕی دژ بە ئەلقاعیدەدا لە دوای 11 ی سێپتێمبەرەوە هاوکاری یەکترییان کردووە.

بەڵام پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە گرژییان تێکەوتووە، ئەوەش بەهۆی کودەتاکەی سوپای پاکستانەوە لە ناوخۆی وڵاتەکە و پشتیوانییەکانی بۆ فەرمانڕەواییەکەی تاڵیبان لە ساڵانی 1996-2001 لە ئەفغانستاندا، هۆکارێکی دیکەی گرژییەکان بەرنامەی چەکی ئەتۆمی پاکستان بووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز