فیلیپین و ئەمەریکا گەورەترین مەشقی سەربازی هاوبەشییان دەستپێکرد

فیلیپین و ئەمەریکا گەورەترین مەشقی سەربازیی هاوبەشی نێوانیان دەستپێکرد، لە کاتێکدا هەردوو هاوپەیمان هەوڵ دەدەن ڕووبەڕووی زیادبوونی دەسەڵاتەکانی چین ببەنەوە لە ناوچەکەدا.

نزیکەی 18 هەزار سەرباز بەشداری لە مەشقە ساڵانەییەکەدا دەکەن کە بە مەشقی " شان بە شان " ناسراوە، هەروەها یەکەمین جاریش دەبێت مەشقەکە لە دەریای باشووری چیندا تەقەمەنی ڕاستەقینەی تێدا بەکاربێت ، کە چین بانگەشەی ئەوە دەکات دەریاکە بە تەواوەتی موڵکی خۆیەتی.

مەشقەکە نیشتنەوەی هێلیکۆپتەری سەربازی تێدا دەبێت لە دوورگەیەکی فیلیپین لە دەرەوەی لوتکەی باکوور، دوورگەی لوزۆن، کە 300 کم لە تایوانەوە دوورە.

ئەم مەشقەش یەکەمین مەشقی نێوان دوو وڵاتەکە دەبێت لە ژێر دەسەڵاتی سەرۆکی فیلیپین فێردیناند مارکۆسدا کە هەوڵیداوە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمەریکادا پتەوتر بکات، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی پێشووی فیلیپین هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ ئەمەریکادا پشتگوێ خستبوو.

وتەبێژی مەشقەکانی فیلیپین کۆلۆنێڵ مایکڵ لۆجیکۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " لە پێناو پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەمان، بەڕاستی دەبێت مەشق بکەین لەسەر چۆنێتی گرتنی دوورگەیەک کە لێمان براوە."

لەم چەند مانگەی ڕابردوودا ئەمەریکا و فیلیپین ڕێککەوتن لەسەر دووبارە دەستپێکردنەوەی ئەرکە ئێشكگرییە دەریاییەکانیان لە دەریای باشووری چیندا و ڕێککەوتن لەسەر فراوانکردنی شوێنی هێزەکانی ئەمەریکا لە فیلیپین.

ئەمەریکا ڕێگەی پێدەدرێت بنکە سەربازییەکانی دیکەی فیلیپین بەکاربهێنێت، لەوانەش بنکەیەکی دەریایی کە زۆر لە تایوانەوە دوور نیە.

نزیکەی 12,200 سەربازی ئەمەریکی و 5,400 سەربازی فیلیپینی و 100 سەربازی ئوستراڵی بەشداری لە مەشقە دوو هەفتەییەکەدا دەکەن، ئەمەش دوو هێندەی ژمارەکانی ساڵی ڕابردووە.


سەرچاوە/ فرانس پرێس