ترامپ بەڕێوبەری ناوەندی سیاسەتی یەکەمی ئەمەریکا دەکاتە وەزیری کشتوکاڵ

بڕووک ڕۆڵێنز

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بڕووک ڕۆڵێنزی سەرۆک و بەڕێوبەری جێبەجێکاری ناوەندی سیاسەتی یەکەمی ئەمەریکای هەڵبژاردووە بۆ پۆستی وەزیری کشتوکاڵی وڵاتەکە.

ترامپ لە بەیاننامەیەکدا وتی " وەکو وەزیری دواتری کشتوکاڵمان، بڕووک سەرپەرشتی هەوڵەکان دەکات بۆ پاراستنی جووتیارانی ئەمەریکایی، کە ئەوان بە ڕاستی بڕبڕەی پشتی وڵاتەکەمانن."

ئەگەر لەلایەن ئەنجومەنی سیناتەوە پەسەند بکرێت، ئەوا ڕۆڵینز سەرکردایەتی دەزگایەکی 100,000 کەسی دەکات کە ئۆفیسییان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا هەیە، سەرپەرشتی پڕۆگرامەکانی کێڵگەکان و خۆراک و دارستان و ماڵ و پێدانی قەرز بە جووتیاران دەکات، هەروەها سەرپەرشتی پارێزراویی خۆراک و گەشەی شوێنە دوورە دەستەکان و توێژینەوەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی و زۆر شتی لەو بارەیەوە دەکات. بودجەی وەزارەتەکە لە ساڵی 2024 دا 437.2 ملیار دۆلار بووە.

ترامپ وتی " ڕۆڵێنز بە تەواوەتی پابەندە بە پشتیوانیکردن لە جووتیارانی ئەمەریکایی و بەرگریکردن لە توانای ئەمەریکا بۆ دابینکردنی خۆراک بۆ خۆی و گەڕاندنەوەی ئەمەریکایەک کە پشت بە کشتوكاڵی خۆی ببەستێت."

ناوەندی سیاسەتی یەکەمی ئەمەریکا زیاتر بە لای ڕاستدا دەڕوات و کارمەندەکانی لە نزیکەوە لەگەڵ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی ترامپدا کارییان کردووە بۆ دروستکردنی سیاسەتێک بۆ بەڕێوبەرایەتییەکەی دواتری. لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی ترامپدا، ڕۆڵێنز سەرۆکایەتی ئەنجومەنی سیاسەتی ناوخۆی دەکرد.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز