ئەمەریکا لە ڕێی گفتوگۆکانییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵی ئاگربەست دەدات لە غەززەدا

ئەمەریکا داوای دەنگدانێک دەکات لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەسەر ڕەشنووسێک کە تێیدا داوا لە حەماس دەکات بە ڕێککەوتنە پێشنیارکراوەکەی ئاگربەست ڕازی ببێت، هاوکات بڕیارە ڕۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لەگەڵ سەرکردەکانی میسڕ و ئیسڕائیلدا کۆببێتەوە، لە هەوڵێکدا بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە لە غەززەدا.

بلینکن سەرەتا لە قاهیرە لەگەڵ سەرۆکی میسڕ عەبدلفەتاح ئەلسیسیدا کۆدەبێتەوە، دواتر دەچێت بۆ ئیسڕائیل و لەوێ لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو و وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانتدا کۆدەبێتەوە. گەشتەکەی بلینکن قەتەڕ و ئوردنیش دەگرێتەوە، لە ئوردن ئامادەی کۆنفرانسێک دەبێت کە تایبەتە بە یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە.

بەرپرسانی ئەمەریکا وتوویانە ئیسڕائیل بە پێشنیارەکەی ئاگربەست ڕازی دەبێت، کە بریتییە لە وەستانی شەڕەکە و ئازادکردنی هەندێک لە بارمتەکان لە غەززە و ئازادکردنی زیندانییە فەلەستینییەکان لەلایەن ئیسڕائیلەوە، هەروەها زیادکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ فەلەستینییەکان، کشانەوەی هێزەکانی ئیسڕائیل لە ناوچە قەرەباڵغەکانی دانیشتوان لە غەززە و گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی سڤیلی فەلەستینی بۆ ماڵ وگەڕەکەکانی خۆیان.

حەماس تاوەکو ئێستا پێشنیارەکەی ڕەت نەکردووەتەوە و پەسەندیشی نەکردووە، کە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هەفتەیەک زیاتر لەمەوبەر ئاشکرای کرد.

بەپێ ڕەشنووسەکەی کە خراوەتە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەنگی ئەمەریکا بینیویەتی، ڕەشنووسەکە هەوڵی زیادکردنی فشارەکان دەدات بۆ سەر حەماس، هاوکات داوا لە حەماس و ئیسڕائیل دەکات بە تەواوەتی ڕێککەوتنی ئاگربەست جێبەجێ بکەن، " بەبێ دواکەوتن و بەبێ هیچ مەرجێک."

نێردەی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە وتی " ئیسڕائیل ئەم پێشنیارەی پەسەند کردووە و ئەنجومەنی ئاسایشیش دەرفەتێکی لەبەردەستدایە بە یەک دەنگ قسە بکات و داوا لە حەماس بکات هەمان شت بکات. بە ئەنجامدانی ئەو کارە یارمەتیدەر دەبێت لە ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکەکە و وەستاندنی ناڵاندنی هاووڵاتییانی سڤیلی غەززە و بارمتە و خێزانەکانیشییان. ئەندامانی ئەنجومەنەکە نابێت ڕێگە بدەن ئەم دەرفەتە تێپەڕ ببێت و دەبێت بە یەک دەنگ قسە بکەن بۆ پشتگیریکردن لەم ڕێککەوتنە."

ڕەنگە ڕۆژی دووشەممە ئەنجومەنەکە دەنگ لەسەر پێشنیارەکە بدات.

دووەم قۆناغی ئاگربەستە پێشنیارکراوەکە بریتی دەبێت لە خستنەوەی ژینگەیەک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕاگرتنی شەڕەکە بە شێوەیەکی هەمیشەیی، کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسڕائیل و گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکان. قۆناغی کۆتایی بریتی دەبێت لە دەستپێکردنی هەوڵەکانی دووبارە بونیادنانەوە لە کەرتی غەززەدا، کە زۆربەی کەرتەکە بەهۆی جەنگە هەشت مانگییەکەوە وێران بووە.

هاوکات ڕۆژی یەکشەممە سوپای ئەمەریکا بەردانەوەی یارمەتییەکانی لە ئاسمانەوە بۆ باکووری غەززە دەستپێکردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی سێدا ئەو ئەرکانەی ڕاگرت بەهۆی ئەوەی وتی کەش و هەوا باش نەبوون و سوپای ئیسڕائیل ئۆپەراسیۆنی لەو ناوچەیەدا ئەنجام داوە.

دەستپێکردنەوەی بەردانەوەی یارمەتییەکان دوابەدوای ڕاگەیاندنەکەی ئەمەریکا دێت کە وتی ئەرکەکانی چاککردنەوەی سەکۆ کاتییەکەی سەر کەناری غەززەی تەواو کردووە کە دوو هەفتە دوای ئەوەی یارمەتییەکانی لە ڕێی بارهەڵگرەکانەوە بەسەردا ڕۆیشت بۆ ناو غەززە شکا، ئەو یارمەتییانە لە ڕێی دەریاوە گەیەندرانە سەکۆکە و لەوێشەوە بارهەڵگرەکان دەیانگواستنەوە بۆ ناو غەززە.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. لە ئاگربەستەکەی مانگی یانزەدا نزیکەی نیوەی بارمتەکان ئازاد کران.

بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 36,000 کەس، دەشڵێن هەزاران کەسی دیکە ڕەنگە لە ژێر داروپەردبووی بیناکاندا گیانییان لە دەستدابێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا