ئەمەریکا و قەتەڕ سزا بەسەر 7 کەسدا دەسەپێنن لەسەر پشتیوانیکردنیان لە حیزبوڵا

ئەمەریکا و قەتەڕ سزایان بەسەر حەوت کەسدا سەپاند لەسەر ئەوەی پشتیوانی تۆڕێکی دارایی حیزبوڵای لوبنانیان کردووە لە نیمچە دورگەی عەرەب.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند عەلی ڕیدا حەسەن ئەل بانای و عەلی ڕیدا ئەل قەسابی لاری و عەبدول موئەید ئەل بەنایەری کە سەرجەمیان هاوڵاتی قەتەڕین، لەنێو ئەو حەوت کەسەدا بوون کە وەکو تیرۆریستانی جیهانی ناسراون لەسەر ئەوەی لەڕووی دارایی و ماددییەوە پشتیوانیان لە حیزبوڵا کردووە.

بەرپرسی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ئاندریا گاکی حیزبوڵای تۆمەتبارکرد بە تۆمەتی هەوڵدان " بۆ سوکایەتیکردن بە سیستمی دارایی نێودەوڵەتی، ئەوەش لەڕێی تۆڕێکی جیهانی ئەو کەسانەوە کە لەڕووی داراییەوە پشتیوانیان لێدەکەن و پشتیوانی لە چالاکیە تیرۆریستیەکانیان دەکەن."

گاکی لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەم تۆڕە دەرەکیە کە لەڕووی داراییەوە پشتیوانی لە حیزبوڵا دەکات، تیشک دەخاتە سەر گرنگیی بەردەوامبوونی هاریکارییەکانمان لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتیەکاندا، لەوانەش حکومەتی قەتەڕ، ئەمەش لەپێناو پاراستنی ئەمەریکا و سیستمی دارایی نێودەوڵەتی لە سوکایەتیەکانی تیرۆریستان"

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی ئەم کارەی وەزارەتی خەزێنە " یەکێکە لە گرنگترین ئەو کارە هاوبەشانەی کە ئەمەریکا لەگەڵ ئەندامێکی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداودا ئەنجامیداوە." هەروەها داوای لە وڵاتانی دیکەش کرد حیزبوڵا بکەنە ئامانج.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا وتی بەپێی سزاکان، سەرجەم سەرمایەی ئەو کەسانەی سزاکان دەیانگرێتەوە لە ئەمەریکا سڕ دەکرێن، هەروەها هیچ ئەمەریکیەکیش ناتوانێت مامەڵەی کارییان لەگەڵدا بکات.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا