ئەفغانییەکان دەڵێن ئەمەریکیەکان بە بێدەنگی بنکەی ئاسمانی باگرامیان جێهێشتووە

بەرپرسانی ئاسایشی ئەفغانستان وتیان دوای نزیکەی 20 ساڵ مانەوەیان لە بنکەی ئاسمانی باگرام، هێزەکانی ئەمەریکا گڵۆپەکانی بنکەکەیان کوژاندەوە و لە شەودا بنکەکەیان جێهێشت، بەبێ ئەوەی فەرماندە ئەفغانیەکەی بنکەکە ئاگادار بکەنەوە کە دوای زیاتر لە دوو کاتژمێر لە ڕۆیشتنی ئەمەریکیەکان زانیویەتی بنکەکە چۆڵکراوە.

ڕۆژی دووشەممە سوپای ئەفغانستان چووە ناو بنکەکەوە کە ناوەندی جەنگی ئەمەریکا بوو دژی تاڵیبان و ئەو ئەندامانەی قاعیدە کە بەرپرس بوون لە هێرشەکانی 9/11 بۆ سەر ئەمەریکا.

ڕۆژی هەینی ئەمەریکا ڕایگەیاند گەورەترین بنکەی ئاسمانیان لە ئەفغانستان جێهێشتووە، ئەوەش لە دوایین قۆناغی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکادا لە ئەفغانستان، لەلای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی تاوەکو کۆتایی مانگی هەشت کشانەوەکە تەواو دەبێت.

فەرماندەی بنکەی ئاسمانی باگرام جەنەڕاڵ میر ئەسەدوڵا کوهیستانی وتی " دەنگۆیەکمان بیست لەسەر ئەوەی ئەمەریکیەکان باگرامیان جێهێشتووە، لە کۆتاییدا لە کاتژمێر حەوتی بەیانی بۆمان پشتڕاست بۆوە کە ئەوان پێشتر باگرامیان جێهێشتووە."

وتەبێژی هێزەکانی ئەمەریکا کۆلۆنێڵ سۆنی لێگیت لە بەیاننامەیەکدا وتی جێهێشتنی بنکەکە بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ ڕابەرانی ئەفغانستاندا.

بەرپرسانی سەربازی ئەفغانستان وتیان بەرلەوەی هێزەکانی ئەفغانستان لە کابوڵەوە بگەنە بنکەکە، گروپێکی بچووکی چەکداریی چەتە چوونەتە ناو بنکەکەوە و سەرانسەری بنکەکەیان تاڵانکردووە.

سەربازێکی ئەفغانی وتی " سەرەتا وامانزانی چەکدارانی تاڵیبان هاتوونەتە ناو بنکەکەوە."

فەرماندەی بنکەکە کوهیستانی وتی هێزەکانی ئاسایش و بەرگری ئەفغانستان لەوانەیە بنکەکە هەڵبگرنەوە بۆ خۆیان کە بەباشی پارێزراوە، ئەمەش سەرەڕای پێشڕەوییەکانی ئەمدواییانەی تاڵیبان.

جێی ئاماژەیە بنکەکە بەندینخانەیەکیشی تێدایە بە 5000 زیندانیەوە، گوایە زۆرینەی زیندانیەکان سەر بە تاڵیبانن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا