دیپلۆماتکارانی ئەمەریکا و ناوچەکە تاوتوێی داهاتووی سوریا دەکەن

دیپلۆماتکارانی باڵای ئەمەریکا و تورکیا و یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی ڕۆژی شەممە لە ئوردن کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر سوریا، لە کاتێکدا کە زلهێزەکانی ناوچەکە و جیهان هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی کاریگەرییان هەبێت لەسەر ئەو حکومەتەی کە شوێن حکومەتەکەی بەشار ئەسەدی لە کارلابراو دەگرێتەوە.

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەستیکردووە بە گفتوگۆکردن لەگەڵ گروپە یاخیبووەکاندا، بە تەحریر شامیشیەوە کە سەرکردایەتی هێرشەکانی کرد کە بوونە هۆی کۆتایی هێنان بە حکومەتەکەی ئەسەد و کۆنتڕۆڵکردنی دیمەشقی پایتەخت.

بایدن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکنی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە بۆ هەوڵدان بۆ دەستکەوتنی پشتگیری بۆ ئەو بنەمایانەی کە ئەمەریکا هیواخوازە ڕێنموونی گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسیی بکەن لە سوریادا، لەوانەش، ڕێزگرتن لە مافی کەمینەکان.

هاوکات تورکیا کە چەندین ساڵە پشتیوانی لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کردووە و هەوڵی دوورخستنەوەی ئەسەدی داوە، هەوڵ دەدات ڕۆڵێکی کاریگەری هەبێت لە دیمەشقدا.

ڕۆژی هەینی وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان وتی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە دیمەشق ڕۆژی شەممە دەست دەکاتەوە بە کارەکانی، ئەوەش دوای ئەوەی لەم هەفتەیەدا سەرکردەی هەواڵگری تورکیا سەردانی کرد.

ئوردنیش میوانداری کۆبوونەوەکەی ڕۆژی شەممەی کرد لە عەقەبە. ڕووسیا و ئێران کە پشتیوانیکاری سەرەکی ئەسەد بوون، بانگهێشت نەکرابوون.

بلینکن، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا گییەر پیدەرسن، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کایا کالاس، فیدان و وەزیرانی دەرەوەی ئوردن، سعودیە، عێراق، لوبنان، میسڕ، ئیماڕات، بەحرەین و قەتەڕ لەسەر مێزێک لە میوانخانەی حکومەتی ئوردن کۆبوونەوە. هیچ نوێنەرێکی سوریا لەسەر مێزەکە نەبوو.

پێشتر دیبلۆماتکارە عەرەبییەکان بە جیا کۆبوونەوە و بەیاننامەیەکییان بڵاوکردەوە و تێیدا داوای گواستنەوەیەکی ئاشتییانە و سیاسییانەی دەسەڵاتییان کرد کە ببێتە هۆی هەڵبژاردن و دەستوورێکی نوێ بۆ سوریا. وەزیرانی دەرەوەی وڵاتە عەرەبییەکان وتییان پابەند دەبن بە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرەوە، وتیان تیرۆر مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی سوریا و ناوچەکە و جیهانیش.

پێشتریش بلینکن لە هۆتێلێک لەگەڵ پیدەرسندا کۆبووەوە، وتی " ئێستا کاتی دەرفەتە و لە هەمان کاتیشدا کاتی ئاستەنگییەکی ڕاستەقینەیە."

ئەو دیبلۆماتکارە عەرەبییانەی کە ئامادەی گفتوگۆکان بوون بە ڕۆیتەرزییان وت کە هەوڵی دڵنیاییدانێکییان داوە لە تورکیاوە لەسەر ئەوەی کە پشتگیری لە پڕۆسەیەکی گشتگیری سیاسیی بکات کە ڕێگر بێت لە دابەشبوونی سوریا.

ئەمەریکا و تورکیا، کە هەردووکییان ئەندامن لە ناتۆدا، بەرژەوەندی دژ بە یەکییان هەیە لە سوریادا. تورکیا پشتیوانی لە گروپە یاخیبووەکان کردووە لە باکووری سوریادا و شەڕییان دژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کردووە کە ئەمەریکا پشتیوانییان لێدەکات.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کە کۆنتڕۆڵی هەندێک لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی سوریایان کردووە، هاوپەیمانی سەرەکی هاوپەیمانییەکەی ئەمەریکان دژی ڕێکخراوی داعش. هێزەکانی یەپەگە سەرکردایەتی دەکەن و ئەنکەرەش پێی وایە یەپەگە لقێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستانە کە دەیان ساڵە لەگەڵ ئەو پارتەدا لە ململانێدایە.

ڕۆژی پێنجشەممە و هەینی بلینکن لە ماوەی سەردانێکدا بۆ ئەنکەرە بە بەرپرسانی تورکیای وت کە ڕێکخراوی داعش نابێت بتوانێت خۆی ڕێکبخاتەوە، هێزەکانی سوریای دیموکراتیکیش دەبێت سەرقاڵ نەکرێن و وازییان لێبهێندرێت کارەکانی خۆیان بکەن لە پاراستنی ئەو کامپانەدا کە چەکدارانی داعشییان تێدا گیراوە، ئەمەش بەپێی بەرپرسێکی ئەمەریکا کە لەگەڵ شاندەکەی بلینکندا بووە. سەرکردەکانی تورکیا بەوە ڕازیبوون.

دواتر ڕۆژی هەینی فیدان بە کەناڵی تەلەفیزیۆنی تورکیای وت کە لە ناوبردنی یەپەگە " ئامانجی ستراتیژی " تورکیا بووە و داوای لە فەرماندەکانی یەپەگە کرد سوریا جێبهێڵن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز