ئەمەریکا سزای زیاتر دەسەپێنێت بەسەر ڕوسیادا ئەگەر ڕەفتارەکانی نەگۆڕێت

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کریستۆفەر فۆرد

دوو بەرپرسی باڵای وەزارەتی دەرەوە و خەزێنەی ئەمەریکا لەبەردەم لیژنەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکادا وتیان واشنتن ئامادەیە سزای دارایی زیاتر بسەپێنێت بەسەر ڕوسیادا ئەگەر ڕەفتارەکانی نەگۆڕێت.

دوو بەرپرسەکە وتیشیان هەوڵە سیاسییەکانی ئەمەریکا بۆتە هۆی ڕاگرتنی کۆمەڵێک گرێبەستی چەکی گەورە لەگەڵ ڕوسیادا.

دوو بەرپرسەکە، کریستۆفەر فۆردی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و سیگاڵ ماندلکەری بریکاری وەزارەتی خەزێنە بۆ کاروباری تیرۆر و تاوانی دارایی، لەبەردەم لیژنەی دارایی ئەنجومەنی سیناتدا گەواهیان دا، دانیشتنەکەش سەبارەت بە ئاسەواری سزاکانی ئەمەریکا بوو بۆ سەر ڕوسیا.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزای سەپاند بەسەر دوو کۆمپانیا و دوو کەسی دیکەدا کە پەیوەندییان بە کۆمپانیای دەیڤتەکنۆسێرڤسەوە هەبووە، ئەم کۆمپانیایە پێشتر ئەمەریکا سزای سەپاندووە بەسەریدا. وتیشی دوو کۆمپانیاکە یەکێکیان ڤیلا مارینە کە بنکەکەی لە سان پیتەرسبێرگی ڕوسیایە و ئەوەی دیکەیان لاکنۆ ئێس ئاڕ ئۆیە کە بنکەکەی لە سلۆڤاکیایە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز