ئەمەریکا سزا بەسەر ئەو گروپە ئیسڕائیلییەدا دەسەپێنێت کە هێرشییان کردە سەر یارمەتییەکانی غەززە

بەرپرسانی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی بە ڕۆیتەرزییان ڕاگەیاندووە ئەمەریکا سزای سەپاندووە بەسەر گروپێکی ئیسڕائیلیدا لەسەر هێرشکردنە سەر ئەو کاروانە مرۆییانەی کە بەرەو خەڵکانی برسی غەززە ڕۆیشتوون. ئەمەش لە نوێترین ڕێوشوێندا دژی ئەو کەس و لایەنانەی کە ئەمەریکا باوەڕی وایە هەڕەشە لە ئەگەری ئاشتی دەکەن لە نێوان ئیسڕائیلییەکان و فەلەستینییەکاندا.

سزاکان گروپی تساڤ 9یان کردووەتە ئامانج، گروپەکە پەیوەندی هەیە لەگەڵ یەدەگەکانی سوپای ئیسڕائیل و نیشتەجێیە جووەکانی کەناری ڕۆژئاوادا، هۆکاری سەپاندنی سزاکەش ئەوەیە کە گروپەکە کۆمەڵە چالاکییەکییان دژی باری یارمەتییە مرۆییەکان ئەنجام داوە، لەوانەش ڕێگریکردن و بێزارکردن و زیانگەیاندن بە یارمەتییەکان.

فەلەستینییەکانی غەززە بەهۆی جەنگە هەشت مانگییەکە و بۆردومانەکانەوە پێویستییەکی زۆرییان بە یارمەتییە مرۆییەکان هەیە. بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، جەنگەکە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 37,000 کەس، ئیسڕائیل ڕووبەڕووی تۆمەتی ڕێگریکردن لە یارمەتییەکان بووەتەوە، بەڵام ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

لایەنە ڕاستڕەوەکانی ناو حکومەتی ئیسڕائیل کە پەیوەندییان بە بزووتنەوەی نیشتەجێیە جووەکانەوە هەیە، دژایەتی هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنییان کردووە بۆ خستنەوەی ڕێککەوتنێکی ئاگربەست لە نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ناو غەززە. جەنگەکە بەهۆی هێرشەکانی چەکدارانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل دەستیپێکرد، بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن چەکدارانی حەماس لەو هێرشەدا نزیکەی 1200 کەسییان کوشتووە و نزیکەی 252 کەسی دیکەیان بە بارمتە گرتووە.

سزا داراییەکان بەپێی فەرمانێکی جۆو بایدن جێبەجێ دەکرێن کە لە مانگی دوودا لەسەر توندوتیژییەکانی کەناری ڕۆژئاوا واژۆی کردووە، هەر بەپێی ئەو فەرمانە، پێشتر بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن کۆتوبەندی دارایی سەپاندووە بەسەر ئەو نیشتەجێیە جووانەی کە بەشداربوون لە هێرشەکاندا بۆ سەر فەلەستینییەکان و هەروەها بەسەر گروپێکی چەکداریی فەلەستینییەکانیشدا.

گروپی تساڤ 9 ڕۆژی هەینی لە ماڵپەڕی ئۆفیسی کۆنتڕۆڵی سەرمایە بیانیەکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکادا لە لیستی ئەو گروپانەدا بووە کە سزا دراون.

بەڕێوبەری سیاسەتی سزاکان و جێبەجێکردنییان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئارۆن فۆرسبێرگ بە ڕۆیتەرزی وت " دەسەڵاتی سزادان بەکاردەهێنین بۆ کۆمەڵێکی بەرفراوان لە کارەکتەرەکان، ئەو کەس و لایەنانە دەکەینە ئامانج کە ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری کەناری ڕۆژئاوا دەخەنە مەترسییەوە ئیتر گرنگ نیە سەر بە چی ئایینێک، نەژادێک بن، یان خەڵکی کوێ بن."

لە 13 ی مانگی پێنجدا ئەندامانی گروپی تساڤ 9 دوو بارهەڵگری یارمەتییەکانییان لە نزیک شاری هیبرۆنی کەناری ڕۆژئاوا تاڵانکرد و دواتر سوتاندیانن.

تساڤ 9 کە بە زمانی هیبرووە و واتە فەرمانی 9، دوای ڕووداوەکەی 13 ی مانگی پێنج وتی لە پێناو ڕاگرتنی گەیشتنی یارمەتییەکان بە دەستی حەماس ئەو کارەی کردووە و حکومەتی ئیسڕائیلی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی پێدانی " دیاری " بە حەماس.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ماثیو میڵەر وتی " چەندین مانگە ئەندامانی تساڤ 9 چەندین جار هەوڵییانداوە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە تێکبدەن، ئەوەش لە ڕێی داخستنی ڕێگەکانەوە کە هەندێک جار بە بەکارهێنانی توندوتیژی ئەوەیان کردووە، بە درێژایی ڕێگەکەیان لە ئوردنەوە بۆ غەززە کە بە کەناری ڕۆژئاوادا دەڕوات."

وتیشی " هەروەها زیانییان گەیاندووە بە بارهەڵگری یارمەتییەکان و یارمەتییە ژیان ڕزگارکەرەکانییان بەسەر شەقامەکەدا ڕشتووە."

سزاکان سەرجەم موڵک و سەرمایەکانی گروپەکە لە ئەمەریکا سڕ دەکات و لەسەر ئەمەریکاییەکانی قەدەغە دەکات مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن.

گروپی مافەکانی مرۆڤی " ئێستا دیموکراسی بۆ جیهانی عەرەبی " کە بنکەکەی لە ئەمەریکایە، لەم هەفتەیەدا داوای سزای ئەمەریکای کرد بۆ سەر تساڤ 9 و وتی گروپەکە پارە لە کۆمپانیا ئیسڕائیلییەکان و ڕێکخراوە قازانج نەویستەکانی ئەمەریکا و ئیسڕائیلەوە کۆدەکاتەوە.

وتیشی ئەو جۆرە گروپە چالاکانە لەلایەن بەرپرسانی ئیسڕائیلییەوە پارێزراون.

گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ و فەلەستینییەکان لە مێژە سوپا و پۆلیسی ئیسڕائیلییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەوەی بە مەبەست هیچ ناکەن کاتێک نیشتەجێیەکان لە کەناری ڕۆژئاوا هێرش دەکەنە سەر فەلەستینییەکان.

بەپێی پارێزەرەکان، ئیسڕائیل چوار کەسی لە هێرشەکەی 13 ی مانگی پێنجدا دەستگیرکردووە، یەکێکیان هەرزەکارە.

فۆرسبێرگ وتی " ئێمە بەردەوام دەبین لە بەکارهێنانی سەرجەم ئامڕازەکانی بەردەستمان بۆ هاندان بۆ لێپێچینەوە لەو کەسانەی کە هەوڵ دەدەن ئەم جۆرە کارە قێزەونانە ئەنجام بدەن. لە سەرجەم ئاستەکانی حکومەتی ئیسڕائیلدا ئەم پرسەمان وروژاندووە و پێشبینی دەکەین بەرپرسانی ئیسڕائیلیش هەمان شت بکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز