ئەمەریکا سزا بەسەر چەند کەسێکی سەر بە سوپای پاسداران دەسەپێنێت کە بە پلانگێڕان بۆ کوشتن لە دەرەوە تۆمەتبار کراون

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا

ئەمەریکا سزای سەپاند بەسەر ئەندامان و کەسانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و باڵی ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی ئێراندا کە واشنتن بە تۆمەتی بەشداریکردن لە پلانگێڕییە تیرۆریستییەکان وەکو بە ئامانجکردنی بەرپرسانی پێشووی حکومەتی ئەمەریکا و چالاکانی ئێرانی-ئەمەریکایی دژبەری ئێران تۆمەتباری کردوون.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا وتی سزاکان سێ ئێرانی و چەند کەسێکی بنکە لە تورکیا و کۆمپانیاکانیانی کردۆتە ئامانج کە پەیوەندییان بە هێزەکانی قودسەوە هەیە، هەروەها دوو بەرپرسی باڵای ڕێکخراوی هەواڵگری ئێرانیش کراونەتە ئامانج کە دەستیان هەبووە لە پلانگێڕان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی کوشندە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی لە دەرەوەی ئێران.

هەروەها ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەم پێوەندییەدا لە تویتێکدا نووسیویەتی "ئێمە بەردەوامین لە ئاشکراکردن و پەکخستنی توندوتیژییە دەرەکییەکانی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی ئێران، لەوانەش پیلانگێڕی دژ بە هاووڵاتیان و بەرپرسانی ئەمەریکا." گوتیشی ئەمڕۆ سزامان بەسەر پێنج ئەندامی سوپای پاسداران و هەروەها کۆمپانیاییەکی خزمەتگوزاری ئاسمانی ئێران کە دەستیان لەم پیلانگێڕانەدا هەبووە، سەپاند."

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی دووان لەو پێنج کەسە بریتین لە محەمەد ڕەزا ئەنساڕی کە ئەندامێکی هێزەکانی قودسە و پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنەکان کردووە لە سوریا و هەروەها هاووڵاتی ئێرانی شەهرام پورسەفی کە پلانی داناوە و هەوڵی کوشتنی دوو بەرپرسی پێشووی حکومەتی ئەمەریکای داوە.

هەروەها سزای سەپاندووە بەسەر حوسەین حافیز ئەمینیشدا کە ڕەگەزنامەی ئێرانی و تورکیشی هەیە و لە تورکیا دادەنیشێت. ئەمینی ئەندامی تۆڕێکی سوپای قودسە لە تورکیا و بە کەڵک وەرگرتن لە پەیوەندییەکانی لە پیشەسازی فڕۆکەوانی تورکیا و هەروەها لە رێگەی کۆمپانیاکەی خۆیەوە کە کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاری ئاسمانییە لەو وڵاتەدا، بەشداری لە ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکانی سوپای قودس کردووە، لەوانەش پلانی ڕفاندن و تیرۆرکردنی نەیارانی ڕێژیمی ئێران.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا وتیشی سزای بەسەر دوو کەسی دیکەدا سەپاندووە کە پەیوەندییان بە ڕێکخراوی هەواڵگری ئێرانەوە هەیە، کە بە یەکەیەکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ناویبردووە و ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوانان و هاوڵاتیانی ئێرانی هەڵگری دوو ڕەگەزنامە و هەموو ئەو کەسانەیان کردۆتە ئامانج کە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وەستاونەتەوە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا.

وتی دوو کەسەکە بریتین لە ڕوحوڵا بازقەندی سەرۆکی پێشووی بەشی دژە سیخوڕی ڕێکخراوی هەواڵگری ئێران و ڕەزا سیراج بەرپرسی بەشی زانیارییە بیانییەکانی ڕێکخراوەکە.

بەپێی سزاکان، سەرجەم سەرمایەکانی ئەو پێنج کەسە لە ئەمەریکا سڕدەکرێن، هاوکات هەموو جۆرە مامەڵەیەکیش لەگەڵیاندا قەدەغە دەکرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز