ڕۆژی سێشەممە ئەمەریکا سزای سەپاند بەسەر گروپی هیڵتۆپ یوثدا کە گروپێکن لە نیشتەجێیە ئیسڕائیلییە توندڕەوەکان لە کەناری ڕۆژئاوا و هێرش دەکەنە سەر فەلەستینییەکان و موڵکەکانییان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ ئەوەشدا سزای دیبلۆماسی سەپاند بەسەر دوو نیشتەجێی ئیسڕائیلیدا، ئیتان یەردەنی و ئاڤیچای سویسا. یەردەنی پەیوەندی هەبووە بە توندوتیژییەکانەوە دژی هاووڵاتیانی مەدەنی لە کەناری ڕۆژئاوا، سویساش سەرکردەی گروپی هاشومەر یوشە، گروپەکە سزا دراوە و خۆبەخشە گەنجەکان دەهێنێت و لە کێڵگەکانی سەرانسەری ناوچەکەدا نیشتەجێیان دەکات. گروپەکانی مافەکانی مرۆڤیش دەڵێن ئەوانە هاندەری سەرەکی توندوتیژییەکانن لە سەرانسەری ناوچەکەدا.
سزاکان کە سڕکردنی سەرمایەکانیان و قەدەغەکردنی گەشتکردنییان دەگرێتەوە، لە کاتێکدایە کە توندوتیژییەکان دژی فەلەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا لە دوای جەنگەکەی ناو غەززەوە زیاتر بوون.
فەلەستینییەکان باس لەوە دەکەن کە بە قسە و جەستەش بێزار دەکرێن و هاتووچۆیان سنووردار کراوە، هەروەها ڕووبەڕووی هەڕەشەی نیشتەجێیەکان دەبنەوە کە بە ماتۆڕ و ئوتومبێل و ئەسپەوە بە دەوروبەری موڵکەکانیاندا دەخولێنەوە.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا وتی گروپی هیڵتۆپ یوث کوشتنی بە کۆمەڵی ئەنجام داوە، هاوکات گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ و فەلەستینییەکان دەڵێن گروپەکە لە پشت هێرشەکانی سەر گوندە فەلەستینییەکانەوەن.
هیڵتۆپ یوث پێشتر لەلایەن بەڕیتانیا و یەکێتی ئەوروپاشەوە سزا دراوە.
برادلی سمیثی جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بۆ کاروباری تیرۆر و هەواڵگری دارایی وتی ئەمەریکا " بەردەوام دەبێت لە لێپێچینەوە لەو کەس و لایەن و ڕێکخراوانەی کە کارئاسانی دەکەن بۆ ئەم کارە ڕق و کینە و ناسەقامگیرکارانە."
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ماثیو میڵەر وتی " کارەکانی ئەم کەسانە یارمەتیدەر بوون لە دروستکردنی ژینگەیەکدا کە توندوتیژی و ناسەقامگیری تێیدا پەرەدەسەنن. کارەکانییان بە کۆمەڵ و لەسەر ئاستی تاکیش ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایشی کەناری ڕۆژئاوا دەخەنە مەترسییەوە."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا