سیناتۆرێکی ئەمەریکا داوای ڕاگرتنی فرۆشتنی چەک بە سعودیـیە دەکات

سیناتۆرێکی ئەمەریکایی داوای ڕاگرتنی فرۆشتنی چەک و پشتیوانی لەشکری وڵاتەکەی بۆ عەرەبستانی سعودیـیە کردووە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر بێ‌سەروشوێنبوونی جەمال خاشقچی نووسەر و ڕۆژنامەوانی سعودی.

ڕاند پـۆڵ ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی"خۆشحاڵم کە دەبینم کەسانی دیکە هاتوونەتە پـێشێ بۆ بینینی پـێشێلکاریـیەکانی ڕژێمی سعودیـیە. مەخابن ئەمە بەس نیـیە. ئێمە بە بەهای ملیاران دۆلار چەکیان پـێدەفرۆشین و یارمەتیـیان دەدەین لە شەڕی یەمەندا. هیوادارم سیناتۆر بۆب کرۆکەر و ئەوانی دیکە ئێستا بێنە پاڵم بۆ ڕاگرتنی ئەم فرۆشتنی چەک و پشـتیوانیـیە لەشکریـیە."

پـێشتر سیناتۆر بۆب کرۆکەر لەسەر تویتەرەکەی هاوسۆزی خۆی بۆ هاوڕێ و کەسوکاری جەمال خاشقچی دەربڕی و نووسیویەتی لە بارەیەوە قسەی لەگەڵ باڵیۆزی عەرەبستانی سعودیـیە بۆ ئەمەریکا کردووە. پاشان نووسیویەتی "چاوەڕی زانیاری زیاتر دەکەین، بەڵام ئەوەی دەیزانم کاردانەوەمان دەبێت لە بەرامبەر هەر وڵاتێک ڕۆژنامەوانان لە هاندەران بکاتە ئامانج."

جێی ئاماژەیە جەمال خاشڤچی کە لە ڕۆژی سێشەممەی ڕێکەوتی 2 ی ئەم مانگی دەیە سەردانی کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ئستەنبوڵ کردبوو بۆ مامەڵەی هاوسەرگیریـیەکەی، نەبینراوە بێتەوە دەرێ. بەڵام کاربەدەستانی سعودیـیە سوورن لەسەر ئەوەی لە کونسوڵخانەکەیان چووەتە دەرێ.