کاربەدەستێکی ئەمەریکا: ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی موشەکی بۆ سەر ئیسڕائیل

ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی موشەکی باڵیستیکی بۆ سەر ئیسڕائیل، هۆشداریشیدا ئەو جۆرە هێرشە دەرەنجامێکی " توندی " دەبێت بۆ تاران.

ئاگادارییەکە لە کاتێکدایە کە ئیسڕائیل هێرشێکی زەمینی دەستپێکردووە بۆ سەر لوبنان بۆ بە ئامانجکردنی حزبوڵای لوبنان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت، کە حەسەن نەسڕوڵای سەرکردەکەی لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا کوژرا.

بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " ئەمەریکا ئاماژەی هەیە لەسەر ئەوەی کە ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی موشەکی باڵیستیکی حەتمی دژی ئیسڕائیل."

لە مانگی چواردا ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دیکەی ڕۆژئاوا بەرگرییان لە ئیسڕائیل کرد دژی هێرشە موشەکی و دڕۆنییەکەی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە، تاران لە تۆڵەکردنەوەی هێرشێکی سەر کونسوڵخانەکەیدا لە دیمەشق ئەو هێرشەی ئەنجامدا.

بەرپرسەکەی ئەمەریکا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت وتی " هێرشێکی سەربازیی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل دەرەنجامێکی توندی دەبێت بۆ ئێران."

ئێران وتوویەتی کە کوژرانی نەسڕوڵا " لە ناوچوون " بۆ ئیسڕائیل دەهێنێت، بەڵام ڕۆژی دووشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی تاران سەرباز ڕەوانە ناکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسڕائیل.

هاوکات ڕۆژی دووشەممە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی ئێران کرد و وتی " هیچ شوێنێک نیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئیسڕائیل نەیگاتێ."

نەتانیاهو وتیشی داهاتوویەک " کە بۆ دواجار ئێران ئازاد دەبێت تێیدا زۆر زووتر دێت وەک لەوەی خەڵک بیری لێدەکاتەوە."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی سێشەممە لە ماوەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ هاوتا مەغریبییەکەی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " ئەمەریکا پابەندە بە بەرگریکردن لە ئیسڕائیلەوە."

ڕۆژی دووشەممە ئەمەریکا وتی هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەکات.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی فڕۆکەی شەڕکەریش دەنێرین بۆ ناوچەکە.

درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن پشتیوانی خۆی بۆ هاوتا ئیسڕائیلییەکەی دەربڕی لە " لە ناوبردنی ژێرخانی هێرشکردنی " حزبوڵادا لەسەر سنووری نێوان ئیسڕائیل و لوبنان.

سەرچاوە/ فرانس پرێس