ئەمەریکا دەڵێت زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ئێستادا بە دوور دەزانێت لە کاتێکدا ئێران داوای ' گفتوگۆی نوێ ' دەکات

وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس ئارەقچی

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە 26 ی مانگی هەشتدا وتی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ئەجێندای بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدندا نیە، ئەمە لە کاتێکدایە کە تاران داوای " گفتوگۆی نوێی " کردووە بۆ نوێکردنەوەی ڕێککەوتنەکە پێش ئەوەی زیندوو بکرێتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی هەفتەی ڕابردوو وتی ڕێککەوتنەکە " ناکرێت بەم شێوازەی ئێستای زیندوو بکرێتەوە "، ئەوەش بەهۆی چەند بڕگەیەکییەوە کە ماوەکەیان بەسەرچووە و جەختی لەوە کردەوە گفتوگۆی نوێ پێویستە بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە.

بەڵام وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە RFE/RL ی وت ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان " لە ئێستادا لەسەر مێزەکە نیە." ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2018 دا لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە.

وتەبێژەکە وتی " ئەمەریکا بە هەر شێوەیەک بێت دڵنیایی دەدات لەسەر ئەوەی ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئێمەش ئامادەین بۆ بەکارهێنانی سەرجەم بەشەکانی دەسەڵاتی نیشتیمانی بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە لەو دەرەنجامە."

وتیشی بەڵام هێشتا " واشنتن دیبلۆماسی بە باشترین ڕێگە دەزانێت بۆ بە دەستهێنانی چارەسەرێکی بەردەوام و کاریگەر."

عێراقچی لە چاوپێککەوتنێکدا وتی دووبارە گفتوگۆکردن لەسەر ڕێککەوتنەکە قورس دەبێت.

وتی " ئەم نوسراوە بە دڵنیاییەوە پێویستی بەوە هەیە دووبارە بکرێتەوە و هەندێک لە بەشەکانی پێویستییان بە گۆڕانکاری هەیە. ئەوە کارێکی ئاسان نیە چونکە هەر کاتێک نوسراوێک دەکەیتەوە، پێکەوە لکاندنەوەی قورس دەبێت."

هەریەک لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە مانگی یانزەدا و جەنگەکانی ناو ئۆکرانیا و غەززە پرسەکەیان ئاڵۆزتر کردووە.


عێراقچی وتی جەنگەکەی ئۆکرانیا " بە شێوەیەکی بەرچاو دیدی ئەوروپاییەکانی لەسەر ئاسایش گۆڕی،" هاوکات جەنگەکەی غەززە " بە تەواوەتی دۆخەکەی لە ناوچەکەدا بەسەر یەکدا خستووە."

وتی " گفتوگۆی نوێ پێویستن."