ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا بە زۆرینەی دەنگ 40 ملیار دۆلارەکە بۆ ئۆکرانیا پەسەند دەکەن

خارکیڤ، ئۆکرانیا

ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە بڕی 40 ملیار دۆلاری وەکو پشتیوانی بۆ ئۆکرانیا پەسەند کرد، بە زۆرینەی دەنگ پشتیوانی لێکرا و ئێستا پێشنیارەکە ڕەوانەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن کراوە تاوەکو واژۆی بکات.

پێشتر ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پێشنیارەکەیان پەسەند کردووە.

یارمەتییە نوێیەکەی ئەمەریکا مەبەست لێی یارمەتیدانی ئۆکرانیایە لە ماوەی پێنج هەفتەی داهاتووی شەڕەکەیدا دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا. ئەو بڕە پارەیە بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا لەڕووی سەربازیی و مرۆییەوە بەکاردەهێندرێت.

پێشنیارەکە 7 ملیار دۆلار زیاترە وەک لەوەی سەرۆکی ئەمەریکا پێشتر داوای کردبوو بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا. بەڵام بایدن ڕۆژانە پشتیوانی خۆی بۆ ئۆکرانیا دەردەبڕێت و بەنیازە پێشنیارەکە پەسەند بکات.

ڕابەری کەمینەی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سینات میچ مککۆنێڵ وتی " یارمەتیدانی ئۆکرانیا زۆر لەسەروو کاری خێرخوازییەوەیە. چارەنووسی ئاسایشی ئەمەریکا و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانمان لە ئەنجامی ئەم شەڕەوە دیاریدەکرێت."

مککۆنێڵ وتی " هەرکەسێک کە نیگەرانە سەبارەت بە باجی یارمەتیدانی سەرکەوتنی ئۆکرانیا دەبێت بیر لەوەش بکاتەوە ئەگەر ئۆکرانیا بدۆڕێت ئەوا باجێکی گەورەتر دەدات." هەروەها داوای لە سەرجەم سیناتۆرەکانی کۆماری و دیموکراتەکان کرد بەشدار بن لەم زۆرینەیەدا.

یاسادانەرێکی ئەمەریکی سیناتۆر جاک ڕیدی سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارییەکانی ئەنجومەنی سینات وتی " چەند مانگی داهاتوو هەستیار دەبن، پێم وایە ئەگەر ڕووسیا لێرەدا سەربکەوێت ناوەستن و قایل نابن، ئەو سەرکەوتنە وایان لێدەکات شتی زیاتر بکەن."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا